ئەمەریکا بە بڕی 2.6 ملیار یارمەتی سەربازی بۆ ئۆکرانیا دابین دەکات

کۆشکی سپی ڕایگەیاند ئەمەریکا بە بڕی نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار تەقەمەنی و کەلوپەل دەدات بە ئۆکرانیا و زیاتر لە 2 ملیار دۆلاریش لە کڕینی تەقەمەنی و ڕادار و چەکەکانی دیکەدا بۆ ئەو وڵاتە دابین دەکات، لە کاتێکدا کە ئۆکرانیا ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشە پێچەوانەکەی بەهارییان دژی هێزەکانی ڕووسیا.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی زۆربەی چەک و تەقەمەنییەکان لە کۆگا سەربازییەکانەوە وەردەگیرێن بۆ ئەوەی بتوانرێت بە خێرایی بگەنە ئۆکرانیا، لەوانەش " سیستمی هیمارس و سیستمی بەرگری ئاسمانی و تۆپی تۆپهاوێژەکان کە ئۆکرانیا بۆ بەرگریکردن لە خۆی بەکارییان دەهێنێت."

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی یارمەتییەکە سیستمی دژە زریپۆش و چەکی بچووک و ئوتومبێلی گواستنەوە و پشتیوانی چاککردنەوەشی تێدا دەبێت.

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا لە بارەگای هاوپەیمانێتی ناتۆ لە بڕۆکسل پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بلینکندا وتی " ئێمە زۆر سوپاسگوزاری ئەمەریکاین بۆ هەموو ئەو شتانەی کردوویەتی بە تایبەتی لە مانگی ڕابردوودا بۆ یارمەتیدانی سوپاکەمان لە خۆ ئامادەکردن بۆ هێرشە پێچەوانەکە. بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن پابەندی بەڵێنەکانی بووە بۆ دابینکردنی زۆرێک لەو شتانەی ئۆکرانیا پێویستییەتی و نموونەش بووە بۆ هاوپەیمانەکانی دیکە."

یارمەتییە درێژخایەنە 2.1 ملیار دۆلارییەکە کە بەپێی دەستپێشخەری یارمەتی ئاسایشی ئۆکرانیا دابین کراوە، موشەک دەکڕێت بۆ سیستمی موشەکی ناسامس و ڕادار و تێرمیناڵی دیکەی مانگە دەستکردەکان و موشەکی دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بارهەڵگری چەک.

یارمەتییەکەی ئەمەریکا لە کاتێکدایە کە ڕووسیا بەردەوامە لە بۆردومانکردنی ئۆکرانیا بە موشەکە مەودا دوورەکانی، هاوکات شەڕە سەختەکەی باخموتی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاش بەردەوامە.

یارمەتییەکە تەقەمەنی جۆراوجۆری تێدا دەبێت کە لە کۆگاکانی پێنتاگۆنەوە وەرگیراون، هەروەها 23 ملیۆن فیشەکی چەکی بچووک و 200,000 نارنجۆکی تێدایە، هەروەها پارەی دیکەشی تێدایە بۆ کڕینی چەکی پێشکەوتوو، وەکو موشەکی دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ڕاداری چاودێری ئاسمانی و تێرمیناڵی پەیوەندییەکانی مانگە دەستکردەکان و خزمەتگوزارییەکانی دیکە.

بەم یارمەتییەش ئەمەریکا تاوەکو ئێستا لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە زیاتر لە 35.1 ملیار دۆلاری لە یارمەتیدانی ئۆکرانیادا لە ڕووی سەربازییەوە خەرجکردووە.

سەرچاوە/ AP