داواکاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی داوا لە ئیسڕائیل و حەماس دەکات ڕێز لە یاسای نێودەوڵەتی بگرن

داواکاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کەریم خان

داواکاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ڕۆژی یەکشەممە داوای لە ئیسڕائیل و حەماس کرد ڕێز لە یاسای نێودەوڵەتی بگرن و ڕێگە بدەن یارمەتییە مرۆییەکان بگەنە کەرتی غەززەی گەمارۆدراو.

داواکاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کەریم خان دوای سەردانە چوار ڕۆژییەکەی بۆ شوێنەکانی هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 ی حەماس لە ئیسڕائیل و دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا، وتی " لەسەر دەستڕاگەیشتن بە یارمەتییە مرۆییەکان، یاساکە ڕێگە بە هیچ گومانێک نادات."

خان وتیشی " هاووڵاتییانی سڤیل دەبێت دەستییان بگات بە خۆراک و ئاو و پێویستییە تەندروستییە سەرەتاییەکان، بەبێ هیچ دواخستنێکی دیکە و بە شێوەیەکی بەردەوام و بە فراوانیش." وتیشی نابێت حەماس ئەو جۆرە یارمەتییانە خراپ بەکاربهێنێت.

وتی " سەرجەم کارەکتەرەکان دەبێت ڕێز لە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی بگرن، ئەگەر ڕێزی لێنەگریت ئەوا گلەیی مەکەن کاتێک ئۆفیسەکەم داوای لێدەکرێت کارێک بکات."

خان پێشنیاری ئەوەی کرد دادگای تاوانی نێودەڵەتی یارمەتی ئیسڕائیل بدات لە لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی کە حەماس لە هێرشە تیرۆریستییەکەی 7 ی مانگی 10 دا لە ئیسڕائیل ئەنجامیداون، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئیسڕائیل ئەندام نیە لە دادگاکەدا کە بارەگاکەی لە هاگە و دانی نەناوە بە دەسەڵاتەکانی دادگاکەدا.

خان وتی " هێرشەکان دژی هاووڵاتییانی سڤیلی بێتاوانی ئیسڕائیل تاوانێکی مەترسیداری نێودەوڵەتی بوون کە ویژدانی مرۆڤایەتی لەرزاند، کۆمەڵە تاوانێک کە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بە مەبەستی مامەڵەکردن لەگەڵییاندا دامەزراوە."

بەڵام داواشی لە ئیسڕائیل کرد هەتاوەکو دەتوانێت لە هێرشەکانیدا بۆ سەر چەکدارانی حەماس هاووڵاتییانی سڤیلی غەززە بپارێزێت و ڕێگری لە هێرشی نیشتەجێیە ئیسڕائیلییەکان بکات دژی فەلەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا.
لە دوای هێرشەکانی حەماسەوە بۆ سەر ئیسڕائیل لە 7 ی مانگی 10 دا، کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە، ئیسڕائیل و حەماس یەکترییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ. بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن لە هێرشەکەی حەماسدا بۆ سەر ئیسڕائیل نزیکەی 1200 کەس کوژراون و نزیکەی 240 کەسیش بە بارمتە گیراون.

ئیسڕائیل لە وەڵامی ئەو هێرشەدا بەردەوام بۆردومانی غەززەی کردووە و هێرشی زەمینی ئەنجام داوە، بەرپرسانی تەندروستی فەلەستینییەکان دەڵێن تاوەکو ئێستا زیاتر لە 15,000 فەلەستینی کوژراون.

خان وتی وەڵامە سەربازییەکەی ئیسڕائیل دەبێت لە ڕووی پێوەرە یاساییە ڕوونەکانەوە سەیر بکرێت.

وتی " بانگەشەکانی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ماوەی ئەم جەنگەی ئێستادا دەبێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ شیکارییان بۆ بکرێت و لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت."

لە ساڵی 2021 ەوە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە ناوچە فەلەستینییەکاندا لێکۆڵینەوە دەکات لەسەر ئەگەری هەبوونی تاوانی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز