Accessibility links

ئیسڕائیل بۆردومانەکانی چڕ دەکاتەوە و هاووڵاتیانی غەززە هەوڵی دۆزینەوەی پەناگەکان دەدەن


هاووڵاتییانی سڤیل لە کەرتی غەززە هەوڵی دۆزینەوەی پەناگەکان دەدەن لە باشوور لە کاتێکدا ئیسڕائیل بۆردومانە ئاسمانی و دەریایی و زەمینییەکانی چڕتر کردەوە.

هاووڵاتییان دەڵێن بۆردومانەکان زیاتر سەنگییان لەسەر خان یونس و ڕەفەحی باشوور بووە. نەخۆشخانەکان کۆشش دەکەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ لێشاوی بریندارەکاندا.

دەستپێکردنەوەی جەنگەکە دوای ئەوە هات ڕۆژی هەینی وەستانە حەوت ڕۆژییەکە لە شەڕەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا شکستی هێنا، کە بووە هۆی ئازادکردنی ژمارەیەک لە بارمتەکان لەلایەن حەماسەوە و ئازادکردنی زیندانییە فەلەستینییەکان لەلایەن ئیسڕائیلەوە.

هێرشەکانی ئیسڕائیل دوای ئاگربەستەکە لە کاتێکدایە کە ئەمەریکای نزیکترین هاوپەیمانی ئیسڕائیل داوای لەو وڵاتە کردبوو خۆی بە دووربگرێت لە زیانگەیاندنی زیاتر بە هاووڵاتییانی سڤیلی فەلەستینی.

بەپێی دەزگای ئامارەکانی فەلەستینییەکان، تاوەکو ڕۆژی یەکشەممە زیاتر لە 15,400 کەس لە غەززە کوژراون.

ئیسڕائیل دەڵێت ئامانجی لەم جەنگەدا لە ناوبردنی حەماسە و دەڵێت هەڕەشەیەکی مەترسیدارە لەسەر بوونی ئیسڕائیل وەکو دەوڵەت.

ڕۆژی یەکشەممە دانیشتوانی غەززە وتییان لەوە دەترسن هێرشی زەمینی ئیسڕائیل لە ناوچەکانی باشووری غەززە نزیک بووبێتەوە. تانکەکانی ئیسڕائیل ڕێگای نێوان خان یونس و دەیر ئەل بەلایان لە ناوەڕاستی غەززە گرتووە، بەمەش کەرتی غەززەیان دابەش کردووە بەسەر سێ ناوچەدا.

سوپای ئیسڕائیل بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و داوای لە فەلەستینییەکان کرد دەستبەجێ نیوەی ناوچەکانی خان یونس و دەوروبەری چۆڵ بکەن. هەروەها نەخشەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا ئەو پەناگانەی خستەڕوو کە فەلەستینییەکان دەتوانن بچن و پێی ڕاگەیاندن بەرەو ڕۆژئاوای خان یونس و بەرەو ڕەفەحی باشوور بڕۆن، کە دەکەوێتە سەر سنووری میسڕ.

بەڵام هاووڵاتییان دەڵێن ئەو ناوچانەی کە پێیان وتراوە بۆی بچن خۆشییان لە ژێر هێرشدان.

هاووڵاتییان دەڵێن ڕۆژی یەکشەممە تانکەکانی ئیسڕائیل بۆردومانی کەرتی ڕۆژهەڵاتی ڕەفەحییان کردووە. ئیسڕائیلیش لێدوانی لەسەر پەرەسەندنەکان نەداوە.

وتیشییان لە باشووری غەززە شوێن نەماوە بۆ پەنابەری زیاتر، ئەوەش دوای ئەوەی سەدان هەزاران فەلەستینی لە دەست هێرشە زەمینییەکەی ئیسڕائیل لە باکوورەوە هەڵاتن بۆ باشوور.

ماهیری تەمەن 37 ساڵ کە باوکی سێ منداڵە، لە ڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە بە ڕۆیتەرزی وت " پێشتر پرسیارمان لە خۆمان دەکرد کە ئایا لەم جەنگەدا دەمرین یاخود نا، بەڵام لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردووەوە لە ڕۆژی هەینییەوە، لەوە دەترسین کە مردنمان تەنها بابەتی کات بێت."

وتی " من دانیشتووی شاری غەززەم، گواستمانەوە بۆ ئەلکەرارە لە باشووری کەرتی غەززە و دوێنێ هەڵاتین بۆ پەناگەیەکی قووڵتر لە خان یونس و ئەمڕۆش هەوڵ دەدەین لە دەست بۆردومانەکان هەڵبێین بۆ ڕەفەح."

بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن دانیشتوانی غەززە بەهۆی خراپی دەستڕاگەیشتنییان بە ئینتەرنێت و نەبوونی کارەباوە قورسە لەسەرییان ئاگاداری فەرمانەکانی چۆڵکردنی ئیسڕائیل بن.

ڕۆژی شەممە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی ئیسڕائیل لەگەڵ ئەمەریکا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا هەماهەنگی دەکات بۆ ناساندنی " ناوچەی پارێزراو " بۆ هاووڵاتییانی سڤیلی غەززە.

لەلایەکی دیکەوە سوپای ئیسڕائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند فڕۆکە جەنگییەکانی و هێلیکۆپتەرەکانی لە ئامانجەکانی حەماسییان داوە، لەوانەش شەفتی تونێلەکان و ناوەندەکانی سەرکردایەتی و کۆگاکانی چەک. وتیشی هێزی دەریایی ئیسڕائیل لە کەنار دەریا لە کەشتییەکانی حەماسییان داوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG