Accessibility links

شارۆچکەیەکی باشووری غەززە لە ژێر هێرشێکی تونددایە


شارۆچکەی خان یونس لە باشووری غەززە کەوتووەتە بەر هێرشێکی چڕی سوپای ئیسرائیل لە کاتێکدا سەدان هەزار فەلەستینی پێیان گوترابوو بچنە باشوور بۆ ئەوەی خۆیان لە هێرشە کوشندەکانی ئیسرائیل بە دوور بگرن پاش ئەوەی حەماس لە 7 ی مانگی دە هێرشێکی کوشندەی کردە سەر ئیسرائیل.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو هەموو بارمتەکان دەگەڕێنرێنەوە و بزووتنەوەی حەماس لەناو دەچێت.

گوتیشی " شەڕێکی سەختمان لە پێشە".

هێرش بۆ سەر خان یونس کە بەرپرسانی ئیسرائیل پێیان وایە چەکدارانی حەماس لەوێ خۆیان حەشارداوە، زۆر توندە.

بەڕێوەبەرایەتی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا داواکانی لە ئیسرائیل زیاد کردووە بۆ ئەوەی هەوڵی زیاتربدات بۆ ڕێگریکردن لە کوژرانی هاووڵاتیانی سیڤیلی فەلەستینی.

کامڵا هێرس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە لە کۆنفرانسی کەشوهەوای COP 28 لە دوبەی وتی "زۆرێک لە فەلەستینی بێتاوان کوژراون. لە ڕاستیدا ئاستی مەینەتییەکانی کەسانی سیڤیل و ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی لە غەززەوە دێن وێرانکەرن".

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لۆید ئۆستین وتی لەکاتێکدا "پشتیوانی ئەمەریکا بۆ ئاسایشی ئیسرائیل جێگای مشتومڕ نییە"، بەڵام ئەو بە شێوەیەکی شەخسی ئیسرائیلی ئاگادار کردەوە کە ئەگەر هەنگاو نەنێت بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی، ئەوا مەترسی توندڕەویان زیاتر دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەم جۆرە شەڕانەدا ڕاکێشانی خەڵکی سڤیل زۆر گرنگە . وە ئەگەر بیانخەیتە باوەشی دوژمن، ئەوا سەرکەوتنێکی تاکتیکی بە شکستێکی ستراتیژی دەگۆڕیت."

هەروەها فشاری خستە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی دەستڕاگەیشتن بە یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە فراوانتر بکات و داوای چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی ململانێی ئیسرائیل و فەلەستینییەکان نوێکردەوە.

XS
SM
MD
LG