یارمەتییەکان بۆ غەزە دەگەنە خاڵێکی سنووریی میسڕ

ڕۆژی سێشەممە بارهەڵگرە میسڕییەکان نزیکتر بوونەوە لە تەنها خاڵی سنووریی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئیسڕائیلدا نیە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک نیە بۆ گەیاندنی ئەو یارمەتییە مرۆییانە بۆ هاووڵاتییانی غەزە و هێشتا ئەودیوی فەڵەستینییەکان داخراوە، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانیشەوە هێشتا ڕوون نەبووەتەوە کەی ئەو یارمەتییە مرۆییانە لە خاڵە سنوورییەکە تێپەڕ دەبن و دەچنە غەزەوە.

وەزارەتی ناوخۆی غەزە وتی خاڵە سنوورییەکە دەکەوێتە ڕەفەحەوە، شەوی ڕابردوو بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسڕائیلەوە لانیکەم 49 کەس لەو ناوچەیە کوژراون، ناوچەکە دەکەوێتە نزیک شارۆچکەی خان یونسەوە.

ڕۆژی سێشەممە هەندێک لەو کەسانەی کە دوو ڕەگەزنامەیان هەیە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا کۆبوونەتەوە و چاوەڕوانی کردنەوەی خاڵی سنووری ڕەفەح دەکەن و لە ئێستادا دەستییان کردووە بە نزیک بوونەوە لە سنوورەکە، بەڵام زۆرێکی دیکەیان دەڵێن بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە دەمێننەوە و نزیکی خاڵە سنوورییەکە نابنەوە.

دوای نۆ کاتژمێر لە گفتوگۆکردن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی لەگەڵ ئیسڕائیلدا ڕێککەوتووە لەسەر " پەرەدان بە پلانێک " بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەزە.

میسڕ دەڵێت خاڵی سنووری ڕەفەح، کە پێش جەنگەکە دەمارێکی سەرەکیی بووە و ئێستا ڕێگای سەرەکییە بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەزە، بە فەڕمی دانەخراوە، بەڵام بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیلەوە خاڵە سنوورییەکە لە دیوی غەزەوە داخراوە.

شایەتحاڵان بە ڕۆیتەرزییان وتووە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە نزیکەی 160 بارهەڵگر ئەل ئەریشی نیمچە دوورگەی سینای میسڕییان جێهێشتووە، لەوێ سەدان تەن لە یارمەتی چاوەڕێی ڕێککەوتنێک بوون لەسەر گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان.

لە 7 ی مانگی 10 دا گروپی چەکداریی حەماسی فەڵەستینییەکان هێرشێکی کوشندەیان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەهۆی هێرشەکەوە 1300 هاووڵاتی ئیسڕائیلی کوژران، لەو کاتەشەوە ئیسڕائیل بەڵێنیداوە حەماس لە ناوببات و بەردەوام غەزەی بۆردومان کردووە.

لە هەمان کاتیشدا ئیسڕائیل گەمارۆی تەواویی بەسەر غەزەدا سەپاند و کارەبا و پێویستییەکان و سوتەمەنی لە کەرتی غەزە بڕی، بەمەش خزمەتگوزاریی تەندروستی و ئاو گەیشتوونەتە لێواری ڕووخانەوە، سوتەمەنییەکان بۆ بزوێنەرەکانی نەخۆشخانەکان لە کەمبوونەوەدان. سەدان هەزاران کەسیش ئاوارەبوون.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند دەیەوێت بەپەلە دەستی بگات بە غەزە تاوەکو یارمەتییە مرۆییەکان و پێویستییە تەندروستییەکانی پێبگەیەنێت.

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ڕایگەیاند وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ماندوونەناسانە هەوڵی بۆ پلانێک داوە لە کاتێکدا لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا سەردانی ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی کرد و پێی ڕاگەیاندوون کە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەزە دەبێت ئەرکی سەرەکی بێت.

دوو سەرچاوەی ئاسایشی میسڕ وتیان بلینکن وتوویەتی ئەمەریکا و ئیسڕائیل نیگەرانی ئەوەن کە حەماس دەستبگرێت بەسەر ئەو یارمەتییە مرۆییانەدا یاخود لە ناوییان ببات. ئەم نیگەرانییە و لەگەڵ ئەوەشدا کە ترسێک هەیە ئەو یارمەتییانە بۆ داپۆشینی چەکەکان بەکاربهێندرێن، بەربەستی خستە بەردەم پلانەکانی ڕۆژی دووشەممە بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان.

سەرچاوەکان وتییان لە یەک تێگەیشتنێک کراوە لەسەر ئەوەی یارمەتییەکان بگەیەندرێنە چەند شوێنێکی دیاریکراوی پارێزراو لە غەزە، ئەوەش لە ژێر چاودێریدا، ئەوەش لە بەرامبەر گواستنەوەی هەندێک لەوانەی کە پاسپۆرتی بیانییان پێیە.

بەرپرسێکی ئەمەریکا وتی ئەو جۆرە پلانە تاوەکو ئێستا ڕێککەوتنی لەسەر نەکراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز