سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بە نیازە ڕۆژی چوارشەممە سەردانی ئیسڕائیل بکات بە مەبەستی دەربڕینی پشتیوانی بۆ ئەو وڵاتە لە جەنگەکەیدا دژی حەماس، ئەوەش دوای ئەوەی واشنتن ڕایگەیاند سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو ڕێگەیداوە یارمەتییە مرۆییەکان بگەنە هاووڵاتیانی غەزەی گەمارۆدراو.
دوای ئەوەی گروپی چەکداری حەماسی فەڵەستینییەکان هێرشێکی کتوپڕی کوشندەی کردە سەر ئیسڕائیل، ئیسڕائیل بەڵێنیدا حەماس لە ناوببات، بەهۆی هێرشەکەی حەماسەوە 1300 کەس لە ئیسڕائیل کوژران کە زۆربەیان هاووڵاتی سڤیل بوون.
لەو کاتەوە ئیسڕائیل بە بەردەوامی بۆردومانی غەزەی کردووە و بەهۆی هێرشەکانەوە زیاتر لە 2800 فەڵەستینی کوژراون، نزیکەی 2.3 ملیۆن هاووڵاتیش ئاوارەبوون. هەروەها ئیسڕائیل بە تەواوەتی گەمارۆی غەزەی داوە و ڕێگە نادات خۆراک و سوتەمەنی و پێویستییە تەندروستییەکان بگەنە غەزە.
ژمارەیەکی زۆر لە بارهەڵگرەکان ڕۆژی سێشەممە بەرەو خاڵی سنووری ڕەفەحی میسڕ بەڕێکەوتوون و پێداویستییان پێیە. ئەو خاڵە سنوورییەش تەنها خاڵە بۆ غەزە کە لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی ئیسڕائیلدا بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەکی ڕوون نیە لەسەر ئەوەی ئایا دەتوانن بچنە ناوەوە یاخود نا.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پلانەکەی بایدنی ڕاگەیاند بۆ سەردانیکردنی ئیسڕائیل، ئەوەش دوای چەندین کاتژمێر گفتوگۆ لەگەڵ نەتانیاهودا، بلینکن وتی نەتانیاهو ڕازیبووە پەرە بە پلانێک بدات بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ هاووڵاتیانی سڤیلی غەزە. بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا.
بلینکن وتی " بایدن گوێبیستی ئیسڕائیلییەکان دەبێت لەسەر ئەوەی چییان پێویستە بۆ بەرگریکردن لە خەڵکەکەیان." هەروەها گوێبیستی ئەوەش دەبێت ئیسڕائیل " چۆن ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنجام دەدات بە شێوەیەک کە قوربانییانی هاووڵاتیانی سڤیلی غەزە کەم بکاتەوە و ڕێگە بدات یارمەتییە مرۆییەکان بگەن بە هاووڵاتیانی سڤیل لە غەزە، بە شێوەیەک کە ئەو یارمەتییانە سوود نەگەیەنن بە حەماس."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز