دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە لە کاتی بەسەرکردنەوەی هۆڵی سەماکردنی کۆشکی سپی قسەی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کرد و گوتی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان تێڕوانینی ئیدارەکەی بەرانبەر بە ئێران ناگۆڕێت.
ڕۆژنامەوانێک ئاماژەی دا بە لێدوانێکی جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کە گوتبووی جەنگی ئێران یەکێک بووە لە هۆکارەکانی شکستی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکاندا. سەرۆک ترامپ لە وەڵامدا گوتی، ''تێڕوانینی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا دروستە, چونکە جەنگی ئێران بووە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین.''
لەسەر ئەگەری دووبارە هێرشکردنە سەر ئێران، دۆناڵد ترامپ جەختی لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئەو وڵاتە کردەوە و گوتی، ''نابێت ڕێگە بە ئێران بدرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.''
لەسەر شێوازی کارکردنی لەگەڵ دیموکراتەکان کە توانیویانە زۆرینەی ئەنجوومەنی سینات و ئەنجوومەنی نوێنەران لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەست بێنن، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی خوازیاری هەماهەنگییە لەگەڵ دیموکراتەکان، ئەگەر نا مافی ڤیتۆی سەرۆک بەکار دەهێنێت.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا بە دووری زانی کە دیموکراتەکان هەوڵی لێپێچینەوە لە سەرۆک بدەن و پێی وا بوو هەنگاوێکی لەم جۆرە لە بەرژەوەندیی ئەمەریکادا نییە.