Accessibility links

دیموکراتەکان کۆنتڕۆڵی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکایان گرتە دەست

دەنگی ئەمەریکا دەچێتە پاڵ پێشبینییەکانی دیکە لە پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە دیموکراتەکانی ئەمەریکا لە هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتیدا، توانیویانە زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی سینات بە دەست بهێنن و کۆتایی بە زۆرینەیی کۆمارییەکان لەو ئەنجومەنەدا بهێنن.

دیموکراتەکان توانیویانە شەش کورسی باڵای کۆمارییەکان بە دەستبهێننەوە، کە بەشێکییان لەو ناوچانەدا بوون کە بە درێژایی مێژوو هەژموونی کۆمارییەکان تیایاندا باڵادەست بووە، لەوانەش تێکساس، کانساس و کارۆلاینای باشوور.

لە کاتێکدا ئەگەری ئەوە هەیە کۆمارییەکان هەندێک کورسی لە ناوچە مێژووییەکانی دیموکراتەکاندا ببەنەوە، بەڵام بەپێی پێشبینییەکان پارتی دیموکرات توانیویەتی ژمارەی پێویست لە کورسییە یەکلاکەرەوەکان بە دەستبهێنێت تاوەکو کۆنتڕۆڵی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا بکاتەوە.

ئەم سەرکەوتنە مێژووییە ڕێگە خۆشدەکات لەبەردەم دیموکراتەکاندا تاوەکو کۆنتڕۆڵی هەردوو ئەنجومەنی سینات و ئەنجومەنی نوێنەرانی کۆنگرێسی ئەمەریکا بکەنەوە لە دوو ساڵی کۆتایی خولی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترامپدا.

دیارترین ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە:

- تێکساس: جەیمس تالاریکۆی دیموکرات توانی بەسەر کێن پاکستنی کۆماریدا سەربکەوێت، بەمەش تالاریکۆ بووە یەکەم دیموکرات لە ساڵی 1988 ەوە تاوەکو ئێستا کۆرسی ئەنجومەنی سینات لەو ویلایەتەدا بە دەستبهێنێت.

- کانساس: ئادەم هامڵتن بووە یەکەم دیموکرات لە دوای 94 ساڵ کورسی ئەنجومەنی سینات لە کانساس بباتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەسەر ڕۆجەر مارشاڵدا بە دەستهێنا.

- کارۆلاینای باشوور: ئانی ئاندروسی دیموکرات توانی شکست بە دارلین گراهام بهێنێت کە خوشکی سیناتۆری کۆچکردوو لیندزی گراهامە.

- کارۆلاینای باکوور، ئۆهایۆ و ئایۆوا: لە کارۆلاینای باکوور ڕۆی کووپەری دیموکرات بەسەر مایکڵ واتلی کۆماریدا سەرکەوت، لە ئۆهایۆ شیرۆد بڕاونی دیموکرات بەسەر سیناتۆر جۆن هەستدی کۆماریدا سەرکەوت، لە ئایۆواش جۆش توریکی دیموکرات سەرکەوتنی بە دەستهێنا دوای ئەوەی بەسەر ئاشلی هینسندا سەرکەوت.

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی Truth Social کاردانەوەی بەرامبەر ئەنجامەکان نیشاندا و نووسی '' ناوی من لەسەر کارتی دەنگدان نەبوو، ئەگەر من بوومایە بە جیاوازییەکی زۆر گەورە دەمانبردەوە.''

لە ڕکابەرییەکی نوێدا، جۆن ئۆسۆفی سیناتۆری دیموکراتەکان لە جۆرجیا و ئاشلی موودی کۆماریی لە فلۆریدا کورسییەکانی خۆیان پاراست.

لەلایەکی دیکەوە هاریێت هەیگمان لە پارتی کۆماریی توانی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی سیناتدا لە ویلایەتی وایۆمینگ سەربکەوێت، هاوکات ئاندی باڕ لە کەنتاکی و کێڤن هێرن لە ئۆکلاهۆما سەرکەوتنییان بۆ پارتی کۆمارییەکان بە دەستهێنا، جێی ئاماژەیە پێشتریش ئەو سێ کورسییە بە دەست کۆمارییەکانەوە بوون، لە بەرامبەردا دیموکراتەکان توانییان کورسییە کراوەکانی خۆیان بپارێزن دوای ئەوەی جولیانا ستراتن لە ئێلنوەی و کریس پاپاس لە نیوهامپشێر سەرکەوتنییان بە دەستهێنا.

تاوەکو ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، سیناتۆرەکانی ئێستای پارتی دیموکرات لە ویلایەتەکانی ڤێرجینیا، ماساچوسێتس، ڕۆد ئایلند، نیوجێرزی، کۆلۆرادۆ، نیومەکسیکۆ و دێلاوێر توانیویانە خولێکی نوێی شەش ساڵەیی ئەنجومەنی سینات بە دەستبهێننەوە، لە بەرامبەردا سیناتۆرە کۆمارییەکان لە ویلایەتەکانی ئارکنسا و وێست ڤێرجینیا خولێکی دیکەیان بردەوە.

سندوقەکانی دەنگدان لە کاتژمێرەکانی ئێوارە بەپێی کاتی ناوخۆیی لە سەرجەم 50 ویلایەتەکەدا داخران و پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان لە ناوچە جیاوازەکان بەردەوامە.

لە هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی سێشەممەدا، سەرجەم 435 کورسییەکەی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ 35 کورسی لە کۆی 100 کورسییەکەی ئەنجومەنی سینات کەوتنە کێبڕکێوە. هێشتا تەواویی دەنگەکان جیانەکراونەتەوە، بەڵام دیموکراتەکان چەندین ویلایەتی گرنگییان بە دەستهێناوە.

بەرلە دەستپێکردنی پڕۆسەکە، کۆمارییەکان زۆرینەیەکی کەمییان لە هەردوو ئەنجومەنەکەدا هەبوو، لە کاتێکدا دیموکراتەکان بە ئامانجی دروستکردنی زۆرینە چوونە ناو هەڵبژاردنەکەوە.

بڕیارە دەستەی نوێی هەڵبژێردراوانی کۆنگرێس لە 3ی مانگی یەکی ساڵی داھاتوودا بە فەڕمی دەستبەکار ببن. هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێسدا، هەڵبژاردن بۆ پارێزگاران لە 36 ویلایەت و پەرلەمانی ویلایەتەکان و پۆستە خۆجێییەکان ئەنجام درا.

لە کێبڕکێی بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگاری ویلایەتەکاندا،، کیشا لانس بۆتۆمس لە پارتی دیموکرات توانی سەرکەوتن لە ویلایەتی جۆرجیا بەدەستبهێنێت، لە بەرامبەردا بایرۆن دۆناڵدز لە پارتی کۆماری بووە پارێزگاریی نوێی ویلایەتی فلۆریدا.

پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، کۆمارییەکان باڵادەستییەکی کەمیان لە هەبوونی ژمارەی پارێزگارانی ویلایەتەکاندا هەبوو، ئەمەش لە کاتێکدایە دوایەمین جار کە دیموکراتەکان توانییان زۆرینەی پۆستی پارێزگاکانی ویلایەتەکانی ئەمەریکا بەدەستبهێنن لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2006 دا بوو.

This item is part of
XS
SM
MD
LG