Accessibility links

دیموکراتەکان لە هەردوو ئەنجومەنی کۆنگرێس دەبنە زۆرینە

بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا دیموکراتەکان بوون بە زۆرینە لە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و سیناتی کۆنگرێس، دەرئەنجامێک کە سەرۆک ترامپ بۆ کۆمەڵێک هۆکار گەڕاندییەوە.

ترامپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پەیامنێری سی بی ئێس لە کۆشکی سپی پەیامی خۆی بۆ ئەمەریکاییەکان بەم شێوەیە دەربڕی و وتی "پەیامەکەم پیرۆزبایی لە دیموکراتەکانە و چاوەڕێی کارکردنم لەگەڵ ئێوە بۆ چاکەی وڵاتەکەمان."

بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی ڕاگەیەندراون، کاندیدەکانی دیموکرات توانیویانە 222 کورسی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستبهێنن. لەبەرامبەردا کۆمارییەکان تەنیا 138 کورسییان لەم ئەنجومەنە بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا 75 کورسی یەکلانەکراوەتەوە.

لە ئەنجومەنی سیناتیش کە ئەویش لە ئێستادا لە دەستی کۆمارییەکاندایە، کاندیدەکانی دیموکراتەکان لە کۆی 100 کورسی 53 کورسییان بەدەستهێناوە و بەم شێوەیەش لە مانگی یەکی داهاتووەوە لەم ئەنجومەنەش زۆرینە دەبن. کۆمارییەکانیش 47 کورسی.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی فەرمانڕەوای ویلایەتەکان کە لە ئەمساڵدا هەڵبژاردن بۆ فەرمانڕەوای 36 ویلایەت بەڕێوەچوو، بە پێی ئەنجامە بەراییەکان هەتا ئێستا فەرمانڕەوای 34 ویلایەت یەکلابووەتەوە، و دیموکراتەکان لەمەشدا بەشی زۆری فەرمانڕەواکانیان بردەوە و 22 ویلایەتی دیکە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتیان لە پاڵ ئەو 6 ویلایەتەی فەرمانڕەوایی دەکەن. کۆمارییەکان لەم هەڵبژاردنە فەرمانڕەوای 12 ولایەتیان بردەوە و بەمەش 20 ویلایەت لە ژێر دەسەڵاتیان دەبێت. هێشتا فەرمانڕەوای 2 ویلایەت یەکلانەکراوەتەوە.

دەنگدەران لە سەرانسەری ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە 3ی ئەم مانگە چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی هەردوو ئەنجومەنی کۆنگرێس و هەروەها هەزاران یاسادانەر و پارێزگار و تەنانەت داواکاری گشتی ویلایەتەکان.

This item is part of
XS
SM
MD
LG