وەزارەتی جەنگ گرێبەستێکی گەورە بۆ بەرهەمهێنانی فڕۆکەی F-35 ڕا دەگەیەنێت

وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا ڕۆژی 22ـی مانگی دە گرێبەستێکی گەورە لەگەڵ کۆمپانیای لاکهید مارتن ڕادەگەیەنێت بۆ بەرهەمهێنانی 850 فڕۆکەی F-35 لە ماوەی دە ساڵی داهاتوودا.

وەزارەتی جەنگ لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت ئەم ڕێککەوتنە داهاتووی نەوەی پێنجەمی فڕۆکە تاکتیکییەکانی ئەمەریکا مسۆگەر دەکات.

مایکل پی دافی یاریدەدەری وەزیری جەنگ ڕایگەیاند، ''ئێمە لە بنەڕەتدا گۆڕانکاریمان لە چۆنیەتیی سەقامگیرکردنی بنکەی پیشەسازی بەرگری ئەمەریکا کردووە بۆ ئەوەی بە خێرایی و بە ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەکان بەرهەم بهێنین.''

وەکوو بەشێک لە ڕێککەوتنەکە کۆمپانیای لاکهید مارتن 7 ملیار دۆلار بۆ ئەو تەکنەلۆژیایە دابین دەکات. کۆمپانیاکە بە لایەنی کەمەوە لەو دە ساڵەدا 850 فڕۆکە بەرهەم دەهێنێت بە هەموو پێداویستی و کەلوپەلی یەدەگیشەوە.

بەڵام لە کۆتاییدا ئەم ڕێککەوتنە بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە دەبێت لە لایەن کۆنگرێسی ئەمەریکاوە پەسەند بکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا کار لەسەر پرۆژەی ئاگینکۆرت ''Project Agincourt'' دەکات بۆ ئەوەی کەلوپەلە ڕۆبۆتییەکانی جەنگ پێش بخات و چەکە نوێیەکان بتوانن بەبێ مرۆڤ جەنگ بەڕێوە ببەن.


پیت هێگسێت وەزیری جەنگی ئەمەریکا لە لە کۆبوونەوە و پێشانگای ساڵانەی سوپای ئەمریکا لە 15ـی مانگی دە ڕایگەیاند کە ''ئەم بابەتە هەمیشە یەکێک بووە لە بژاردەکانی وەزارەتی جەنگ.''

ناوی ئاگینکۆرت دەگەڕێتەوە بۆ جەنگێکی نێوان سوپای ئینگلیز و سوپای فەرەنسی لە 25ـی مانگی دەی ساڵی 1415، کە دوای جەنگێکی سەد ساڵە ئینگلیزەکان توانیان بەسەر فەرەنسییەکاندا سەر بکەون.

شایەنی باسە وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا لە مانگی هەشتدا ڕێککەوتنێکی دیکەی 23 ملیار دۆلاری واژۆ کرد بۆ خێراکردنی بەرهەمهێنانی مووشەکی تۆماهۆک وەکوو بەشێک لە بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری.