حکومەتی عێراق: لەگەڵ ئەمەریکا گەییشتووینە ڕێککەوتن کە ناردنی دۆلار بەردەوام بێت

گوتەبێژی حکومەتی عێراق حەیدەر عەبوودی ڕۆژی شەممە بە ئاژانسی ڕاگەیاندنی عێراقی ڕایگەیاند کە سەرەک وەزیرانی عێراق لە گەشتەکەیدا بۆ ئەمەریکا ناردنی دۆلاری کاشی مسۆگەر کردووە.

ئەمەش دوای بەشداریکردنی عەلی زەیدی لە 81ەمین کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هات.

هەروەها، لە کاتی گەشتەکەیدا بۆ ئەمەریکا، زەیدی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا کۆ بووەوە.

ئەمڕۆش کاتێک ڕۆژنامەوانان لەسەر زەیدی پرسیاریان ئاڕاستەی دۆناڵد ترامپ کرد، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی ''سەرۆکوەزیرانی عێراق پیاوێکی باشە و ئەو خۆی پاڵپشتی کردووە بۆ ئەوەی ئەو پۆستە وەربگرێت.''

حەیدەر عەبوودی گوتوویەتی ''بارێکی نوێی دۆلاری کاش لە چەند ڕۆژی ئاییندەدا دەگاتە عێراق.'' و ئەمەش دوای ئەوە هاتووە کە حکوومەتی عێراق ڕێگەی بە ئەمەریکا داوە بۆ ئەوەی چاودێریی چۆنییەتی بەکارهێنانی دۆلار لەم وڵاتەدا بکات.

دەستڕاگەییشتن بە دۆلاری کاش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراقدا هەیە. ئەو نادڵنیاییەی چەند ڕۆژی ڕابردوو وایکردبوو کە نرخی دۆلار لە بازاڕی ڕەشدا بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ببینێت.

حکوومەتی ئەمەریکا لە ڕابردوودا هەموو هەوڵێکی داوە بۆ ئەوەی لە کاتی دابینکردنی بڕە دۆلاری پێویست بۆ عێراق، پارەکان ئاودیوی ئێران نەکرێن. بۆ ئەمەش کۆمەڵێک ڕێوشوێنی توندی گرتۆتە بەر.

شایەنی باسە عێراق یەکێک لەو وڵاتانە بوو کە هەر بە زوویی لەسەر داواکاریی ئەمەریکا گەشتی فڕۆکەوانیی ئێرانی لە وڵاتەکەیدا قەدەغە کرد. ئەمەش ناڕەزایی بەشێک لە لایەنە عێراقییەکانی نزیک لە ئێرانی لێ کەوتووەتەوە.