Accessibility links

ترامپ: داواکارییەکەی ئێرانم ڕەت کردەوە

دۆناڵد ترامپ ڕۆژی شەممە لە میانی سەردانێکیدا بۆ ویلایەتی تێنەسی لێدوانی لەسەر کۆمەڵێک پرس قسەی کرد و لەبارەی ئێرانەوە گوتی ''داواکاریی ئێرانم بۆ ڕێککەوتن ڕەت کردەوە.''

سەرۆک ترامپ گوتی ئێرانییەکان داوایان کردووە کە ئابڵوقەیان لەسەر هەڵبگرین و لە بەرانبەردا گەرووی هورمز بکەنەوە. بەڵام ئێمە چیتر پێویستمان بەوە نییە و گەرووی هورمز خۆی کراوەیە و کەشتییەکان بە سەلامەتی تێپەڕ دەبن.

لە هەمانکاتدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمەریکا حەزی لە ڕێککەوتنە بەڵام بەو جۆرەی کە ئەمەریکا دەیەوێت نەک ئەوەی ئێران دەیەوێت.

هەروەها سەرۆک ترامپ گوتی '' ئێرانییەکان ئەم داواکارییە دەکەن چونکە گەمارۆکە کاریگەر بووە و تێکشکاون و هیچ بڕە پارەیەکیان بەدەستەوە نەماوە.''

لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند کاتێک ئێرانییەکان گەرووەکەیان داخست ئامانجیان ئەوە بوو کە جیهان بخەنە کێشەوە. ئێستا کە پلانەکەیان شکستی هێناوە دێن و داوای ڕێککەوتن دەکەن. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە گەمارۆیەکی ئاسنینم لەسەر جێبەجێکردن.

لەسەر سەرۆکوەزیرانی عێراقیش قسەی کرد و گوتی کە ''سەرۆکوەزیرانی عێراق پیاوێکی باشە و ئەو خۆی پاڵپشتی کردووە بۆ ئەوەی ئەو پۆستە وەربگرێت.''

لە هەمان کاتدا باسی بارودۆخی ڕووسیا و ئۆکرانیای کرد و گەشبینیی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی پێش زستان ڕێک بکەون چونکە مانگانە دەیان هەزار سەرباز لە یەکتر دەکوژن و ئەوەش باش نییە.

لە کۆتایی قسەکانیدا پرسیاری دەربارەی کوبا لێ کرا. سەرۆکی ئەمەریکا گوتی ''دەمانەوێت یارمەتیی خەڵکی کوبا بدەین.'' بەڵام ڕوونی نەکردەوە کە ئایا هیچ ئۆپەراسیۆنێک لەو وڵاتە ئەنجام دەدەن یاخود نا.

This item is part of
XS
SM
MD
LG