Accessibility links

عەلی زەیدی لە نەتەوە یەکگرتووەکان پەیامی گەڕانەوەی باڵادەستی بۆ دەوڵەت لە عێراق ڕادەگەیەنێت

سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕۆژی هەینی پەیامی وڵاتەکەی لە ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان خوێندەوە، تێیدا ڕایگەیاند دەبێت چەک و ئامرازەکانی دەستەڵات لەدەست دامەزراوە دەستورییەکاندا بن و سوپای وڵاتەکە بەهێز بکرێت.

عەلی زەیدی ڕایگەیاند حکومەتەکەی چەند ئامانجێکی دیاریکراوی هەیە کە یەکەمیان بریتییە لەوەی عێراق "ببێتە وڵاتێی کاریگەر وەک هێزێکی چالاکی ئابووری لە ناوچەکەدا و وەک پردێک بۆ هاوکاری و گفتوگۆ لە ناوچەکەدا."

زەیدی ڕایگەیاند، "دەمانەوێت دامودەزگاکانی دەوڵەت چالاکتر بکەین و متمانەی هاوڵاتیان پێیانەوە بەهێز بکەین."

حکومەتی ئەمەریکا دەڵێت هێزە میلیشیاکانی سەر بە ئێران عێراقیان خستووەتە دۆخێکی نەخوازراوەوە کە تێیدا چالاکییەکانیان دژ بە وڵاتانی دراوسێ لە بەرژەوەندی ئێراندایە و دەبێتە هۆی لاوازکردنی پێگەی نێودەوڵەتی عێراق.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕۆژی دووشەممە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرک دیدارێکیان ئەندام دا. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت لە دیدارەکەدا جەخت کرایەوە لە چەکداماڵینی میلیشیاکان.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕۆژی دووشەممە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرک دیدارێکیان ئەندام دا. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت لە دیدارەکەدا جەخت کرایەوە لە چەکداماڵینی میلیشیاکان.

عەلی زەیدی لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند، "دەمانەوێت دەوڵەت خاوەنی بڕیاری کۆتایی بێت لە بابەتەکانی جەنگ و ئاشتیدا، هەروەها چەک و ئامرازەکانی دەستەڵات لەژێر دەستی دەزگا دەستورییەکاندا بمێننەوە. ئەمە بۆ باڵادەستی یاسایە و بۆ ئەوەیە بەرژەوەندی نیشتیمانی لەپێش هەموو شتێکەوە بێت و ئاشتی و ئاسایش بەرقەرار بێت و کەشی پێشکەوتن بەدی بێت."

کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا

بە گوێرەی ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان ئەمەریکا و عێراق، هێزەکانی ئەمەریکا، کە لە چوارچێوەی شەڕی دژ بە تیرۆر لە عێراق بوون و هێشتا سەدان سەربازیان لە هەرێمی کوردستان ماونەتەوە، بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا بکشێنەوە.

زەیدی لەمبارەوە ڕایگەیاند، "لەگەڵ تەواوبوونی ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هاوپەیمانە ستراتیژییەکانمان بۆ قۆناغێکی تر دەگوازینەوە، لە هاوکاریی سەربازییەوە بۆ هاوکاریی ئابووری و گەشەپێدان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش."

وتیشی، "سورین لەسەر پەرەپێدانی توانای سەربازی و ئاسایشمان بۆ پاراستنی وڵات و گەل و سەروەریمان."

لێدوانەکانی سەرۆکوەزیری عێراق لە کاتێکدایە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مانگی دووەوە بە ئاڵۆزی زۆری سەربازیدا تێپەڕ دەبێت و بووەتە هۆی بەرزکردنەوەی نرخی وزە لە بازاڕەکانی جیهاندا.


ئاسایشی وزە

حکومەتی ئەمەریکا دەڵێت ڕێگە نادات چالاکییەکانی ئێران و حوسییەکانی یەمەن ببنە هۆی تێکدانی ئاسایشی کەشتیوانی لە ئاوەکانی ناوچەکەدا.

لەسەر ئەم پرسە، زەیدی ڕایگەیاند، "نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین لە ڕووداوەکانی پەیوەست بە ئازادیی گواستنەوە و جوڵەی بازرگانی دەریایی و ئەو قەیرانەی دروستی کردووە لە بەرزبوونەوەی جیهانیی نرخی وزە. بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی مەترسییەکانی ئەم دۆخە لەسەر هاوڵاتیانمان، سەرقاڵی فرەچەشنکردنی ڕێڕەوەکانی هەناردەی نەوتین و کار دەکەین بۆ دامەزراندنی ڕێڕەوی وزە بۆ بەستنەوەی عێراق بە تورکیا و ئوردن و سوریا."

مانگی حەوتی ئەمساڵ عێراق و سوریا ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی جیهان لە ڕێگەی خاکی سوریاوە. ڕێککەوتنەوە بە هاوکاری حکومەتی ئەمەریکا و کۆمپانیای شیڤرۆن ئەنجام درا.

This item is part of
XS
SM
MD
LG