کۆشکی سپی: ئەمەریکا و چین ڕێککەوتوون کە نابێت ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگات

کۆشکی سپی ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەمەریکا و چین لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە ''هەرگیز نابێت ئێران دەستی بگاتە چەکی ئەتۆمی.''

کۆشکی سپی دەڵێت کە هەردوو سەرۆک لە بارەی کێشە جیهانییەکانەوە گفتوگۆیان کردووە لەوانە بابەتی ڕووسیا، کۆریای باکوور و ئێران.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی کۆشکی سپی، هەردوو وڵات هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە ئێران نابێت دەستی بگاتە ئەتۆم. هەروەها، ڕێگە بە هیچ وڵات و دەزگایەک نەدرێت کە باج بەسەر ڕێڕەوە ئاوییەکاندا بسەپێنێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە چەندین جار ئێران هەوڵی سەپاندنی باجی بەسەر گەرووی هورمزدا داوە بەڵام هەتا ئێستا تێیدا سەرکەوتوو نەبووە.

شایەنی باسە لە ماوەی سەردانە سێ ڕۆژەییەکەی سەرۆکی چین بۆ واشنتنی پایتەخت سەرۆک ترامپ چەند جارێک لەگەڵ شی جین پینگ سەرۆکی چین کۆ بووەوە و دوای کۆبوونەوەکان ڕایگەیاند کە گفتوگۆکانیان بەرهەمدار بوون.