Accessibility links

سەرۆک ترامپ: کۆبوونەوەم لەگەڵ سەرۆک شی زۆر بەرهەمدار بوو

سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترامپ، کۆبوونەوەی لوتکەیی لەگەڵ سەرۆکی چین، شی جینگپینگ، بە 'زۆر بەرهەمدار' ناوبرد و سەبارەت بە ئەنجامی کۆبوونەوەکان ڕایگەیاند، " شتگەلێکی زۆر گەورە ڕوودەدەن."

سەرۆک ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵاتیەتی تروس ڕایگەیاند، "کۆبوونەوەم لەگەڵ سەرۆک شی زۆر بەرهەمدار بوو بۆ ئەمەریکا و چین. شتگەلێکی زۆر گەورە ڕوودەدەن."

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها ئاماژەی دا بە بەکارهێنانی دەستەواژەی "ژیری دەستکرد،" کە پێی وایە ئەم دەستەواژەیە گونجاو نییە و دەستەواژەی "ژیریی بێ هاوتا" پەسەندترە. سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند سەرۆک شی هاوڕایە لەسەر بەکارهێنانی دەستەواژەی "ژیریی بێ هاوتا."

سەردانە سێ ڕۆژەکەی سەرۆکی چین بۆ ئەمەریکا ئەمڕۆ کۆتایی دێت و بڕیارە لە دوایین وێستگەدا سەرۆک دۆناڵد ترامپ و شی جینگپینگ بچن بۆ ئەرشیفی نیشتمانیی ئەمەریکا لە واشنتن.

لە کۆبوونەوەی لوتکەیی سەرۆک ترامپ و سەرۆک شی چەندین بابەتی سەرەکیی نێوان ئەمەریکا و چینی تاوتوێ کران، کە گرنگترینیان بریتی بوون لە باجی گومرگی و هەناردە، کانزا دەگمەنەکان و مادەی ئۆپیۆدی فێنتانیڵ.

ئێوارەی پێنجشەممەش خوانێکی فەرمیی ڕازاوە لە کۆشکی سپی ساز درا و سیمایەکی سیمبۆلیی بەرچاوی تێدا بەدی کرا، بەڵام هێشتا هیچ رێکەوتنێکی بەرچاوی نێوان دوو گەورەترین ئابووریی جیهان ڕانگەیێنراوە.

سەرۆک ترامپ تیشکی خستە سەر بەرەوپێشچوون لە میکانیزمەکانی بازرگانیکردنی دووقۆڵی و باسی لەوە کرد کە جوتیار و ئاژەڵدارە ئەمەریکاییەکان زیاتر دەستیان بە بازارەکان ڕادەگات.

سەرۆک ترامپ و سەرۆک شی لە ئێوارەخوانی کۆشکی سپی کە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکخرابوو.
سەرۆک ترامپ و سەرۆک شی لە ئێوارەخوانی کۆشکی سپی کە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکخرابوو.

سەرۆک ترامپ لە وتاری پێشوازی لە شی ئاماژەی دا بە مێژووی هەردوو وڵات و وتی، "هەر وەک چۆن پێشینانمان چەندین سەدە لەمەوبەر زەریاکانیان بڕی بەمەبەستی بازرگانیکردن و فێربوون و بونیاتنانی جیهانێکی باشتر، لە ڕاستیدا ئێستاش هەردوو وڵات هەمان شت دەکەن. ئێمە زۆر شانازی بەو پەیوەندییانەمان دەکەین."

یەکێک لە بابەتە گرنگەکان بۆ چین بریتییە لە پرسی تایوان، کە حکومەتی چیین وەک بەشێێک لە وڵاتەکەی دەزانێت و ماوەیەکی زۆرە هەوڵ دەدات ترامپ بە شێوەیەکی ئاشکرا بڵێت ئەمەریکا 'دژی' سەربەخۆیی تایوانە،' لەبری ئەوەی بڵێت 'پشتیوانیی سەربەخۆیی' ناکات. واشنتۆن چەندین دەیەیە بەو جۆرە گوزارشت لە دۆخی تایوان دەکات و هێچ ئاماژەیەک نییە کە گۆڕانکاری لەو پرسەدا بکرێت.

خانمی یەکەمی ئەمەریکا و سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە لە کۆشکی سپی پێشواییان لە سەرۆکی چین و خانمی یەکەمی چین کرد.
خانمی یەکەمی ئەمەریکا و سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە لە کۆشکی سپی پێشواییان لە سەرۆکی چین و خانمی یەکەمی چین کرد.

هەروەها شی هەوڵیش دەدات ئەمەریکا فرۆشتنی چەک بە دورگەی تایوان ڕابگرێت. هەروەک چاوەڕوان دەکرا، رۆژی پێنجشەممە شی داوای کرد ئەمەریکا "هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ مەسەلەی تایوان بکات" و هەروەها میدیای فەرمیی چیین بڵاوی کردووەتەوە شی "هیواخوازە لایەنی ئەمەریکایی پابەندبێت بە هەڵوێستی دروستەوە لە دژایەتیکردنی سەربەخۆیی تایوان."

لە کاتێکدا ئەمەریکا وەک زۆربەی وڵاتان هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماسی لەگەڵ تایوان نیە، بەڵام واشنتۆن گرنگترین پشتیوانی نێودەوڵەتی تایوانە و بەگوێرەی یاسای ئەمەریکا دەبێت ڕێکارەکانی بەرگریلەخۆکردنی بۆ دابین بکات.

This item is part of
XS
SM
MD
LG