وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی،28ی مانگی هەشت ڕایگەیاند لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری ئێران، دەستیکردەوە بە ڕێوشوێنی نوێی بۆ پەکخستنی ئەو کەناڵە داراییانەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەکاریدەهێنن.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، تۆڕی جێبەجێکردنی تاوانە داراییەکانی ئەو وەزارەتە (FinCEN) پێشنیارێکی پێشکەش کردووە کە ئەگەر یەکلا ببێتەوە، ئەوا دەستڕاگەیشتنی بانکی میسری لە ئیمارات بە خزمەتگوزارییە داراییەکانی ئەمەریکا هەڵدەوەشێنێتەوە و دەپچڕێنێت.
سکات بەسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاندووە وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا پابەندە بە بڕینی هەموو ئەو ڕێگا ئابوورییانەی کە ماوەتەوە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆتاییهێنان بەو مەترسییەی ڕژیمی ئێران دروستی کردووە.
بەسێنت هەروەها هۆشداری دا بەو کەس و دامەزراوەیانەی کە بە وتەی ناوبراو یارمەتی کۆماری ئیسلامی دەدەن و وتی ناتوانن بەردەوام بن لە دەستڕاگەیشتن بە دۆلاری ئەمەریکایی و سیستەمی دارایی جیهانی.
وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا لە درێژەدا ئاماژەی بە بانکی میسری ئیمارات کرد و وتی کە بانکەکە سەرەڕای هۆشدارییەکانی پێشووتر بەردەوام بووە لە پشتیوانیکردنی فراوان بۆ کۆماری ئیسلامی و ئێستا ئەمەریکا هەنگاوی یەکەمی ناوە بۆ لێپرسینەوە لە بانکەکە.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە ئەو بانکە لە ئیمارات یەکێکە لە ڕێگا گرنگەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ دەستڕاگەیشتنی بە دۆلار و بەشێک لەوانەی لەگەڵ ئەو بانکەدا کار دەکەن، ئەو کۆمپانیانەن کە کار بۆ وەزارەتی بەرگری کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران دەکەن بۆ دەربازبوون لە سزاکان و سپیکردنەوەی پارە.
ئەمەش ببینە
ئەمەریکا سزای خستە سەر یەک کەس و کۆمپانیایەک لە پەیوەند بە بانکی نیشتمانی ئێرانەوە
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا دەڵێت ئامانجی ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردن ئابووری ئەمەریکا پەکخستنی دوا کەناڵە داراییەکانی تارانە کە یارمەتی تاران دەدات بۆ هێشتنەوەی ئاژاوەگێڕی و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە.