Accessibility links

ئەمەریکا سزای خستە سەر یەک کەس و کۆمپانیایەک لە پەیوەند بە بانکی نیشتمانی ئێرانەوە

نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا کە بە ئۆفەک ناسراوە، ڕۆژی هەینی 28ی مانگی هەشت ڕایگەیاند سزای خستوەتە سەر یەک کەس و کۆمپانیایەک لە پەیوەند بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، ڕەزا محەمەد تەئیدی، هاووڵاتییەکی ئێرانی دانیشتووی دوبەی خراوەتە لیستی سزاکانی ئەو وەزارەتەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە ئەو کەسە پەیوەندی بە بانکی نیشتمانی(بانک ملی) ئێرانەوە هەیە.

هەروەها کۆمپانیای کامنگ تریدینگ کە بنکەکەی لە هۆنگ کۆنگە، بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران خراوەتە لیستی سزاکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکاوە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئەم ڕێوشوێنانە لە چوارچێوەی سزاکانی پێوەندیدار بە کۆماری ئیسلامی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر گیراونەتەبەر.

This item is part of
XS
SM
MD
LG