ترامپ: تەنگەی هورمز کراوەیە و ئێران لە ژێر گەمارۆی سەختدایە

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە، ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووی "کێشەی قووڵ" بووەتەوە، ئەمەریکا هێزی دەریایی زیاتری ئەو وڵاتەی لاوازکردووە، هاوکات ئێرانی خستووەتە ژێر گەمارۆی دەریاییەوە.

سەرۆک ترامپ لە وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەنووسان لە کۆشکی سپی لە کاتی واژۆکردنی فەرمانی جێبەجێکردندا کە ناوی دەریاچەی ئۆنتاریۆ دەگۆڕێت بە “دەریاچەی ئەمەریکا”، وتی: ئێران لە کێشەیەکی قووڵدایە.

جەختیشی لەوە کردەوە کە گەرووی هورمز کراوەیە و کەشتیەکان بە ئازادی تێیدا تێدەپەڕن. بە گوتەی سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژانە ملیۆنان بەرمیل نەوت “بە بێ هیچ کێشەیەک” بەم ڕێڕەوە ستراتیژییەدا تێدەپەڕن.

سەرۆک ترامپ هەروەها وتی: ئەمەریکا توانای پێشکەوتووی پاککردنەوەی مین بۆ پاککردنەوەی ئەو مینانەی کە کۆماری ئیسلامی لە گەرووی هورمز دانابوو، کەڵکی وەرگرتووە. ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی ئەمریکا توانای چاودێریکردنی هەر مینێکی نوێیان هەیە و مینە نوێیەکان لە هێڵەکانی کەشتیوانی لاببەن.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە ئاماژە بە گەمارۆی دەریایی کۆماری ئیسلامی وتی: ئەم ئۆپەراسیۆنە "لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەدایە" و گوشارەکانی سەپێندراو، حکومەتی ئێرانی خستۆتە دۆخێکی ئابووری زۆر دژوار. ئەو وتی: کۆماری ئیسلامی "ئیفلاس"ە و تەنانەت ناتوانێت مووچەی هێزە نیزامییەکانیش بدات.

لە هەمان کاتدا سەرۆک ترامپ هۆشداری دا کە هەر کارێکی ئێران وەڵامی ئەمەریکای بەدوادا دێت و وتی: هەرچییەک بکەن ئێمە تۆڵەی دەکەینەوە.

پەیامنێرێک پرسیاری لە سەرۆکی ئەمەریکا کرد کە بۆچی چین بەهۆی بەردەوامی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی سزا نەدراوە. سەرۆک ترامپ لە وەڵامدا وتی: چۆن دەزانن کە من گەمارۆم نەداون یان بەنیاز نیم سزایان بەسەردا بسەپێم؟

لێدوانەکانی سەرۆک ترامپ لە کاتێکدایە کە ئیدارەکەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جەختی لەسەر تێکەڵکردنی گوشاری سەربازی و ئابووری لە دژی کۆماری ئیسلامی کردووەتەوە.

کاربەدەستانی حکومەتی ئەمەریکا دەڵێن ئامانجی ئەم ستراتیژە سنووردارکردنی سەرچاوە داراییەکان و توانا سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی و پێشگرتنە لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی.