ڕۆژی چوارشەممە سەرۆکی ئەمەریکا بارودۆخی لەناکاوی بۆ پاراستنی سیستەمی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی کارەبای نیشتمانی ڕاگەیاند.
ئامانج لەم ڕاگەیاندنەی کۆشکی سپی ڕێگریکردنە لە ئەگەری هەر زیانگەیاندنێک بە سیستەمی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی سەرچاوەکانی کارەبا و وزە بەگشتی لە ئەمەریکادا.
هەروەها ئامانجی دیکە خۆگونجاندنە لەگەڵ سیستەمی زیرەکیی دەستکرد بە جۆرێک کە نەیارانی ئەمەریکا نەتوانن لەم ڕێگەیەوە زیان بە وڵاتەکە بگەیەنن.
بە گوێرەی فەرمانەکە سەرۆکی ئەمەریکا، دامەزراوەکان ڕێگەیان پێ نادرێت کە هەندێک بەرهەمی بیانی بۆ سیستەمە سەرەکییەکان بەکار بهێنن ئەمەش لە پێناو ڕێگریکردن لە هەر کارێکی تێکدان و هاککردنی ئەو یەکە سەرەکییانە.
ئەم فەرمانە تەنیا بۆ یەکە نیشتمانییەکانە و سەرچاوە بچووکە ناوچەییەکان ناگرێتەوە.
هەروەها سەرۆک دەسەڵات بە وەزیری وزە دەدات کە بە هاوکاری لەگەڵ ئەندامانی دیکەی حکوومەت هەنگاوی پێویست لە کات و شوێنی پێویستدا بگرێتە بەر.
فەرمانەکە ڕێگری لە هاووڵاتییانی بیانی دەکات کە دەستیان بگاتە ئەو سەرچاوە ئەمەریکاییە زەبەلاحانەی کە ئەم فەرمانە دەیانگرێتەوە.
ئەم ڕاگەیاندنە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی سەرۆک دۆناڵد ترامپدایە بۆ پاراستنی ئاساییشی سەرچاوەکانی وزەی وڵات بە جۆرێک کە بەڕێوەبردنەکەی لە دەسەڵاتی ئەمەریکاییەکاندا بێت و نەیاران هەرگیز دەرفەتی دەستوەردانیان تێیدا نەبێت.