ئەندامێکی کۆنگرێس: هێرشەکان دژی هەرێمی کوردستان قبووڵنەکراون

دان بەیکن، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا هێرشکردنە سەر نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی سەرۆکی ئاژانسی پاراستنی سەرکۆنەکرد.

ئەم لێدوانەی بەیکن دوای ئەوە هات کە سەرەتای ئەم هەفتەیە دژە تیرۆری کوردستان ڕایگەیاند لەسنوری ئێرانەوە بە دوو درۆن هێرشکراوەتە سەر ئۆفیسی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن. هێرشەکان لەلایەن حکومەتی هەرێم و چەندین لایەنی سیاسییەوە بە هەڕەشەیەک بۆ ئاسایشی هەرێم و هەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە وەسف کران.

بەیکن نوێنەرێکی ویلایەتی نبراسکایەو ئەندامە لە لیژنەی خزمەتی سەربازی لە ئەنجومەنی نوێنەران و هاوسەرۆکی گروپی کوردی-ئەمەریکاییە لە کۆنگرێس.

بەیکن لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی"بە توندترین شێوە ئەم هێرشە نابەرپرسیارانە و قبووڵنەکراوانە سەرکۆنە دەکەم. ئەوەتا هەڵسوکەوتە نابەجێ و دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ئێران موڵک و ماڵی بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج، ئەمەش هەنگاوێکی مەترسیدار و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکە. وەک هاوسەرۆکی گروپی کوردی-ئەمەریکایی شان بە شان لەگەڵ هاوپەیمانە کوردەکانمان دەوەستم و بەردەوام دەبم لە پشتیوانیکردن لە ئاسایش و سەروەری و خواستە دیموکراسییەکانیان."


لێدوانەکانی بەیکن لە کاتێکدا دێن کە هەندێک لە ئەندامانی کۆماریخواز داوای فشاری توندتر بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی دەکەن.

کارلۆس یمینێز، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانە و نوێنەرایەتی ناوچەیەکی ولایەتی فلۆریدا دەکات، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن وتی پێویستە واشنتن هەڵبژاردەی پشتیوانیکردن لە ئۆپۆزسیۆنی ئێران بە چەکی سوک لەبەرچاوبگرێت. یمینێز وتی ڕاپرسیەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە 70 بۆ 80 لە سەدی خەڵکی ئێران دژی ڕژێمی ئێران بەڵام توانای بەرگریکردن لە خۆیان نییە لەبەر ئەوەی ئامرازی پێوستیان لەبەردەست نییە رژێمی ئێران بگۆڕن.

ئەم جۆرە داوایانە نوێنین، هەفتەی ڕابردوو، تێد کروز، سیناتۆری کۆماریخواز کە نوێنەرایەتی ویلایەتی تەکساس دەکات، داوای پڕچەککردن و پشتیوانی چەکداری لە ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی کرد. کروز جەختی لەوە کردەوە کە کورد لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا هاوپەیمانێکی دڵسۆزی ئەمەریکا بوون و دەتوانن ڕۆڵیان لە هەر ستراتیژییەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی هەبێت.