Accessibility links

تێد کروز: کوردەکان پڕچەک بکەن؛ دژبوونی ئەردۆغان نابێت ڕێگری لە پشتیوانی ئەمەریکا بکات

تێد کروز، سیناتۆری کۆماری ویلایەتی تەکساس داوای پڕچەککردن و پشتیوانی چەکداری لە ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی و هەنگاونان بەرەو ڕووخانی حکومەتی ئێران دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە کورد وەک یەکێک لە هاوپەیمانە دڵسۆزەکانی ئەمەریکا لە چەندین ململانێدا، دەتوانێت بەشێک بێت لەم پرۆسەیە.

تێد کروز لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فاکس نیوز ئێوارەی هەینی وتی لە سەرەتای ئەمساڵدا حکومەتی ئەمەریکا باسی پڕچەککردنی نەیارانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی کورد کردووە و دواجار بەهۆی دژایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، پلانەکە وەلانراوە.

کروز وتی کورد لە چەندین ململانێدا هاوپەیمانێکی زۆر دڵسۆزی ئەمەریکا بووە و پشتیوانیکردنیان دەتوانێت بەشێک بێت لە ستراتیژێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی.

ئەو سیناتۆرە کۆمارییە باسی لەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی 47 ساڵی ڕابردوودا شەڕی دژ بە ئەمەریکا کردووە و ئامانجی سیاسەتی ئەمەریکاش دەبێ ڕووخانی ئەم ڕژیمە بێت. ناوبراو بە ئاماژەدان بە ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی ئێران وتی خەڵکی ئێران لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا ئازادییان دەوێت و نابێ چاوەڕوانی ئەوە بکرێت کە ناڕازییان بە "بەردە" بەرەنگاری هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ببنەوە.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا سەبارەت بە کورد، کروز باسی لەوە کرد لە سەرەتای ئەمساڵدا گفتوگۆ لە حکومەتی ئەمەریکادا هەبووە سەبارەت بە پڕچەککردنی خۆپیشاندەران بەتایبەت کورد. بە گوتەی کروز، بەهۆی دژایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەو پلانە هەڵوەشاوەتەوە. ناوبراو ڕەخنەی لە بڕیارەکە گرت و وتی بۆ من گرنگ نییە ئەردۆغان پێی خۆش بێت یان نە و ئاماژەی بەوەشکرد لە ڕوانگەی ئەمەریکاوە ڕووبەڕووبوونەوەی حکومەتی ئێران کە هەوڵی کوشتنی ئەمەریکاییەکان دەدات، لە هەموو شتێک پێویسترە.

تێد کروز هەروەها وتی ئەمەریکا توانای پڕچەککردنی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامیی هەیە و مەرج نییە ئەم پشتیوانییە بە مانای ناردنی کەرەستەی قورس بێت، بەڵکو دەتوانێ چەکی سووک لەخۆ بگرێت بۆ ئەوەی بتوانێت ڕووبەڕووی هێزەکانی سەپای پاسداران ببێتەوە.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا دەرفەتی کارێکی لەو شێوەیە لەدەستچووە یان نا، کروز ئاماژەی بەوەدا کە ئەمەریکا هێشتا توانای ئەو کارەی هەیە، بەڵام هێشتا بڕیاری سیاسی بۆ بەکارهێنانی ئەو توانایە نەدراوە.

تێد کروز وتی کۆماری ئیسلامی لە دۆخێکی زۆر هەستیاردایە و ئابوورییەکەی بەرەو داڕمان دەڕوات و توانای مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیەکەی و ژێرخانە ئەتۆمی و سەربازییەکانیشی زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.

بەڵام کروز جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا سوپای پاسداران لە ناوخۆی ئێراندا ڕووبەڕووی هێزێکی چەکداری ئۆپۆزسیۆن نەبووەتەوە و هەر بۆیە بە بۆچوونی ئەو پشتیوانیکردن لە ئۆپۆزسیۆنی چەکدار دەتوانێت هاوکێشەی ناوخۆی ئێران بگۆڕێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG