Accessibility links

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێم و ماڵی سەرۆکی پاراستن بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کرایە سەر

دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لە خاکی ئێرانەوە هەڵدراون، نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستانی عێراق و هەروەها ماڵی بەرپرسی پاراستن(هەواڵگری هەرێمی کوردستان)یان کردووەتە ئامانج.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حەدید-110 لە ئەودیوی سنووری ئێرانەوە بەرەو نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری دەزگای پاراستن (دەزگای هەواڵگریی هەرێم) ئاراستە کراون."

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەین کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەڕێز مەسرور بارزانی و شوێنی حەوانەوەی سەرۆکی ئاژانسی پاراستنیان کردە ئامانج و وتی ئەم هێرشانە پەرەسەندنێکی مەترسیدارن."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نێچیرڤان بارزانی دەڵێت"حکومەتی فیدراڵ دەبێت بەرپرسیارییەتی و پابەندیی دەستووریی خۆی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات جێبەجێ بکات بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە."

مەسرور بارزانیش لە پۆستێکیدا لە تۆڕی ئێکس بە توندی سەرکۆنەی "ئەم دەستدرێژییە بێشەرمانە و قبوڵنەکراوانەی کردووە" و نووسیویەتی "ئەم کارانە پەرەسەندنێکی مەترسیداری گرژییەکان و هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە پێکدەهێنن و ئەم جۆرە هێرشانەش ڕێگریمان لێناکەن لە بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانمان و پاراستنی هاووڵاتیانمان."

هەواڵی هێرشەکە ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە بەرێوبەرایەتی ترامپ داوای هاوکاری نێچیرڤان بارزانی کردووە بۆ ئەوەی لە خولی پێشووی دانوستانەکان لەگەڵ تاران پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران دروست بکات.

This item is part of
XS
SM
MD
LG