سوپای ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، عەلی سەمیر حاج حەسەن، فەرماندەی کەتیبەیەک لە یەکەی هێزی ڕەدوانی حزبوڵڵا، لە هێرشێکدا بۆ سەر بارەگایەکی ناوەندی ئەو یەکەیە لە ناوچەی ئەنسار لە باشووری لوبنان کوژراوە.
بە گوێرەی ڕاگەیاندنێکی سوپای ئیسرائیل، هێرشەکە دوای هێرشێکی حزبوڵڵا دژ بە سەربازانی ئیسرائیل کە لە ناوچەی ئاسایش کاردەکەن ئەنجامدراوە.
سوپا دەڵێت لەگەڵ حەسەندا چەند تیرۆریستێکی دیکەش کە لە هێرشەکانی دژ بە سەربازانی ئیسرائیل بەشداربوون، کوژراون.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە کە خێزانی حەسەنیش لەگەڵیدا لە ناو بارەگای سەربازیدا بوون و لە هێرشەکەدا زیانیان پێگەیشتووە. بەڵام سوپا جەختی کردەوە کە هێرشەکە تەنیا ئاراستەی حەسەن کراوە وەک ئامانجێکی یاسایی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، نەک خێزانەکەی.
سوپا دەڵێت حەسەن خێزانەکەی وەک قەڵغانی مرۆیی بەکارهێناوە و خۆی لەگەڵیاندا لە ناو بارەگای سەربازی حەشاردابوو.
سەرچاوەکانی نزیک لە حزبوڵڵا عەلی سمیر حەج حەسەنیان وەک ئەفسەری ئۆپەراسیۆن ناساندووە. هێرشەکە بەشێکە لە زنجیرەیەک هێرشی سوپای ئیسرائیل دژ بە پێگە و فەرماندەکانی حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان، کە لە چوارچێوەی ململانێی بەردەوامی نێوان هەردوو لایەن لە ناوچە سنوورییەکاندا بەردەوامە.