Accessibility links

سوپای ئیسرائیل: هێرشەکانی باشووری لوبنان لە وەڵامی پێشێلکردنی ئاگربەست لە لایەن حزبوڵاوە ئەنجام دران

سوپای ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکان لە باشووری لوبنان وەڵامێک بوون بۆ پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەلایەن حزبوڵڵاوە.

بەرپرسانی لوبنان دەڵێن لە ئەنجامی هێرشەکاندا ژمارەیەک کەس کوژراون، کە منداڵیشیان تێدایە. ڕاپۆرتە نوێییەکانیش دەڵێن ژمارەی کوژراوان بە لانیکەم 12 کەس بوون، لەوانە سێ منداڵ؛ هەروەها ژمارەیەکی دیکە بریندار بوون.

ئێلا واوەیا، وتەبێژی عەرەبی سوپای ئیسرائیل، لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئکس وتی، هێرشەکانی ئیسرائیل دوای ئەوە کراون کە حزبوڵڵا، بە وتەی ئەو، "پێشێلکارییەکی مەترسیداری" ڕێککەوتنەکەی کردووە و هێرشی کردووەتە سەر هێزە ئیسرائیلییەکان لەو ناوچەی ئەمنییەی ڕێککەوتنی لەسەر کراو. سوپای ئیسرائیل دەڵێت لە وەڵامدا ژێرخانی سەربازیی حزبوڵڵای لە ناوچەکانی عەلی تاهیر و ئەنسار کردووەتە ئامانج.

لە بەرامبەردا، بەرپرسانی لوبنان رەخنەیان لەو هێرشە گرتووە. نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان، هێرشەکان بە مەترسی بۆ هەوڵەکانی ئاشتی داناوە، و سەرۆک کۆمار جۆزێف عەونیش وتوویەتی ئەم هەنگاوانە کاریگەری لەسەر پرۆسەی دانوستان و هەوڵەکانی ئەمەریکا دەبێت.

ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بووەتە هۆی کەمبوونەوەی شەڕ، بەڵام هێرش و تێکهەڵچوونەکان بە تەواوی نەوەستاون. هێرشەکانی شەممە بە خوێناویترین هێرش دادەنرێن لەوەتەی ئاگربەستەکە دەستی پێکردووە.


This item is part of
XS
SM
MD
LG