Accessibility links

ئیمارات: ئێران هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکی کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئەبووزەبی لە هورمز

میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی (ئیمارات) ڕۆژی شەممە 15ی ‌هەشت، ئێرانی بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکی کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئەبووزەبی لە تەنگەی هورمز تۆمەتبار کرد و داوای لە تاران کرد هێرشەکان بوەستێنێت و ڕێڕەوی ئاوییەکە بە تەواوی بکاتەوە.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئیمارات، کەشتییەکە ڕۆژی هەینی لە کاتی تێپەڕبوون بە تەنگەی هورمز بەر هێرش کەوتووە. کۆمپانیای نەوتی ئەبووزەبی ڕایگەیاند کە هیچ کەسێک لە ڕووداوەکەدا بریندار نەبووە و دۆخەکە خراوەتە ژێر کۆنترۆڵەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات داوای لە تاران کرد ئەوەی بە "هێرشی بێ هۆکار" ناوی بردووە بوەستێنێت، کۆتایی بە دوژمنکارییەکان بهێنێت و تەنگەی هورمز بە تەواوی بۆ هاتووچۆی دەریایی بکاتەوە. ئێران تا ئێستا وەڵامی فەرمیی ئەم تۆمەتانەی ئیماراتی نەداوەتەوە.

بەپێی ڕۆیتەرز، ئەمە سێهەمین ڕووداوی لەم جۆرەیە کە لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا کە دەکرێنە سەر کەشتییەکانی کۆمپانیای نەوتی ئەبووزەبی. ئیمارات لە ڕووداوەکانی پێشووتریشدا ئێرانی بە بەرپرسیار و تۆمەتبار لەو هێرشانە زانیووە.

ئەنوەر گەرگاش، ڕاوێژکاری دیپلۆماسی سەرۆکی ئیمارات، وتی ئەبووزەبی لە بەرامبەر هێرشە دووبارەکاندا پارێزگاری لە سەروەری و بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات. گەرگاش هەروەها جەختی کردەوە کە ئیمارات پارێزگاری لە مافی ئازادیی کەشتیوانی دەکات، لە هەمان کاتدا بەردەوام دەبێت لە دیالۆگ و پێشخستنی هەڵبژاردە دیپلۆماسییەکان.

This item is part of
XS
SM
MD
LG