بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە لە واشنتن مەراسیمی ماڵئاوایی لە سیناتۆری کۆچکردووی کۆمارییەکان و پشتیوانی دۆزی کورد، لینزی گراهام، دەستی پێکرد.
مەراسیمەکە لە هەردوو کۆنگرێس و دێری (کەنیسەی) نیشتمانیی واشنتن بەڕێوە دەچێت. پاسەوانانی شەڕەف لە سوپای ئەمەریکا و پۆلیسی کۆنگرێس تەرمی کۆچکردوویان بردە گومەزی کۆنگرێس، لە پای ئەو خزمەتەی کە لەناو سوپا و لە یاسادانان کردوویەتی.
لە دێری نیشتمانیی واشنتن مەراسیمەکە بە بەشداری سەرۆکی ئەمەریکا و چەندین بەرپرسی ئەمەریکایی و وڵاتانی دەرەوە بەڕێوە دەچێت و لەوێ سەرۆک گوتارێک پێشکەش دەکات.
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەی دی ڤانس لە بینای کۆنگرێس بەشداری مەراسیمەکەی کرد.
دواتر، ئێوارەی سێشەممە، تەرمی لینزی گراهام دەگوازرێتەوە بۆ ویلاتەکەی خۆی، کارۆلینای باشوور. لەوێ ڕۆژی چوارشەممە مەراسیمی تایبەتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی کارۆلینای باشوور و دێری پاکبوونەوەی کۆڵۆمبیا بۆ ڕێک دەخرێت.
دوای دوو ڕۆژ لە مەراسیمی پرسە، تەرمی کۆچکردوو لە قەزای پیکنز لە کارۆلینای باشوور بە ئامادەبوونی خێزانەکەی بە خاک دەسپێردرێت.
لینزی گراهام لە 11ـی مانگی حەوت لە ماڵەکەی خۆیدا لە واشنتن کۆچی دوایی کرد. ڕاپۆرتی سەرەتایی لە نووسینگەی پشکنەری پزیشکییەوە ڕایگەیاند کە ناوبراو بە جەڵدەی دڵ کۆچی دوایی کردووە.
سیناتۆر چەک شومەر و جۆن توون چەپکەگوڵی ڕێزلێنان لەسەر تەرمی لینزی گراهام دادەنێن.
لینزی گراهام لە ساڵی 1994 بۆ ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرا و لە ساڵی 2002ەوە بە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵبژێردراوە.
دوای کۆچی دوایی لینزی، وەک ڕێزێک بۆ خزمەتەکەی، خوشکەکەی بەناوی دارلین گراهام دەستنیشان کرا بۆ پڕکردنەوەی ماوەکەی کە تا سەرەتای مانگی یەک بەردەوام دەبێت.
لینزی گراهام پشتیوانێکی بەردەوامی دۆزی کورد بووە لە کۆنگرێس، بۆیەش لەناو کورد هاوسۆزییەکی زۆری هەیە، بە شێوەیەک پێشتر پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند پەیکەری بۆ دروست دەکەن.
خوشکی سیانتۆر لینزی، دارلین گراهام، لەکاتی مەراسیمی ماڵئاوایی لە تەرمی براکەی.
سەرەتای ساڵی 2026 لە کاتی هێرشەکانی سوپای حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع لە سوریا، گراهام بەردەوام ناڕەزایی دژ بە هێرشەکان دەردەبڕی و سەرپەرشتی دانانی پڕۆژەیاسایەکی کرد بەناوی "پاراستنی کورد."