پارێزگاری هەولێر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، بڕیاریان داوە لە پایتەختی هەرێمی کوردستان پەیکەرێک بۆ سیناتۆری ئەمەریکایی لینزی گراهام دروستبکەن وەک دەربڕینی سوپاسگوزاری بەرامبەر بە پشتگیرییە بەردەوامەکانی ئەو سیناتۆرە لە مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بە دەنگی ئەمەریکای گوت،"بەڕێز لینزی گراهام دۆستی گەلی کوردستانە و خۆشماندەوێت".
ئومێد خۆشناو ئەوەی ڕوونکردەوە کە لەگەڵ بەپرسانی تری ئیدارەی پایتەختی هەرێمی کوردستاندا گفتوگۆی کردووە لەسەر چۆنییەتی ڕێزلێنان لە هەڵوێستەکانی. دەڵێت پێشنیارکراوە یان شەقامێک لە هەولێر بە ناوی "لینزی گراهام" بکرێت یاخود پەیکەرێک دابنرێت.
ڕایگەیاند، "بەڕێز سیناتۆر لینزی گراهام لەو ماوەیە بە شێوەیەکی زۆر زۆر ورد و وردبینانە پشتیوانی لە گەلی ئێمە کرد، بەتایبەت لە پڕۆژە بڕیاری پاراستنی گەلی کوردستان کە لای ئێمە کارێکی زۆر گرنگە. لەو ڕوانگەیەوە، کۆمەڵێک لە ڕۆشنبیر و ئەدیب و نووسەر و شاعیر و هونەرمەندانی شارەکەمان نامەیەکیان بۆمان ناردووە و پێشنیاری ئەوەیان کردووە پەیکەرێک بۆ لینزی گراهام دروستبکەین و ئێمەش بە خۆشحاڵییەوە وەکو پارێزگای هەولێر پێشنیارەکەمان پێ پەسندە و ڕێکارە یاساییەکان دەگرینە بەر."
پارێزگاری هەولێر گوتیشی وەها بڕیارە پێشنیارەکە بخرێتە بەردەم کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی شارەوانی هەولێر بۆ تاووتوێکردنی وردەکارییەکانی وەک دیزاینی پەیکەرەکە و شوێنەکەی.
سیناتۆری بەناوبانگی کۆماری لینزی ئۆلین گراهام زیاتر لە 30 ساڵە نوێنەری ویلایەتی ساوث کارۆلاینایە و ئێستا لە سیناتی ئەمەریکا بە یەکێک لە نزیکترین دۆستەکانی سەرۆک دۆناڵد ترامپ دادەنرێت.
سیناتۆر گراهام 33 ساڵ خزمەتی بە هێزی ئەمەریکا کردووە و ساڵی 2014 خەڵاتی ئەستێرەی بڕۆنزی پێبەخشرا لە پای پێشکەشکردنی ڕاوێژکاری بە هێزی ئاسمانی ئەمەریکا لە عێراق و ئەفغانستان.
لە کاتێکدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە چەندین گۆڕانکاری گەورەدا تێپەڕدەبێت، سیناتۆر لینزی گراهام بووەتە داکۆکیکارێکی سەرسەختی ئیسرائیل و گەلی کورد و خەڵکی ناڕازی ئێران.
کاتێک سەرەتای ساڵی 2026 سوپای سوریای عەرەبی هێرشی کردە سەر هەسەدە و بەرەو ناوچە کوردییەکان پێشڕەوی کرد، سیناتۆر گراهام ناڕەزایی توندی دەربڕی و ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی تورکیا گرت بەرامبەر بە پرسی کورد.
لە بەرواری 29-1-2026 سیناتۆر گراهام لەگەڵ سیناتۆری دیموکرات ڕیچارد بلومێنسال پرۆژە یاسایەکی پێشکەشی کۆنگرێسی ئەمەریکا کرد بەناوی "یاسای پاراستنی کورد."
لینزی گراهام سەبارەت بە هۆکاری پێشکەشکردنی پرۆژە یاساکە ئەو کات ڕایگەیاندبوو، "پێم وایە پشتیوانێکی بەهێزی دوولایەنە هەیە بۆ بیرۆکەی پاراستنی کورد لە سوریا و ناوچەکانی تر چونکە هاوپەیمانێکی زۆر متمانەپێکراوی ویلایەتە یەکگرتووەکان بوون... بۆ ئەو وڵات و گروپانەی کە پێیان وایە ئیتر وەرز کراوەتەوە بۆ ئەوەی بەبێ دەرئەنجام هێرش بکەنە سەر کورد لە سوریا، بەداخەوە بەهەڵەداچوون."
بەهۆی هەڵوێستە ڕوونەکانی لەسەر پرسی کورد، ڕێبەرانی باڵای کورد لە هەرێمی کوردستانی عێراق و باکوری سوریا لە چەندین بۆنەدا سوپاسگوزاری خۆیان بۆ ئەم سیناتۆرە دەربڕیوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش سەدان بەکارهێنەری کورد سوپاسی هەڵوێستەکانی گراهامیان کردووە و لە ڕێگەی ژیری دەستکردەوە جلی کوردی و ئاڵای کوردستانیان خستووەتە سەر وێنەکانی لینزی گراهام.
پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند ئێستا ناوی لینزی گراهام لەلای گەلی کورد چووەتە پاڵ جۆرج بۆشی باوک و کوڕ، دانیێل میتران خانمی یەکەمی پێشووی فەڕەنسا، وە جۆن مەککەین سیناتۆری پێشووی ئەمەریکا کە ڕۆڵی گرنگیان بینیوە لە ڕەخساندنی ماف و ئازادی بۆ کورد.
شایەنی باسە، بەهۆی ئەوەی جۆرج بۆشی باوک ساڵی 1991 ڕۆڵی بینی لە دامەزراندنی ناوچەی دژە فڕین بەسەر ئاسمانی هەرێمی کوردستان، وە هەروەها لە ساڵی 2003 جۆرج دەبلیو بۆش بڕیاری دا بە ڕزگارکردنی عێراق لە ڕژێمی سەدام حسێن، ناوی ئەو دوو سەرۆکەی ئەمەریکا بە خێرایی بووە وێردی سەرزمانی هەزاران کورد و چەندین دایباب ناوی منداڵەکانیان نا "بۆش."
پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "لینزی گراهام لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لای کوردانی تاراوگە وەک کەسێکی خۆشەویست و تێگەیشتوو لە دۆخی ئێمە ناسراوە. گەلی ئێمە بە وەفایە؛ هەر کەسێک لە هەر کاتێک و زەمەنێکدا بە هەر جۆرێک پشتیوانی لە دۆزی ڕەوامان بکات، گەلی ئێمە بەرامبەری ئەمەکدار دەبێت. ئێستاش بە خاتوو میتران دەڵێین 'دایکی کوردان،' وە ئێستاش گەلی ئێمە جۆرج بۆشیان خۆشدەوێت چونکە سەکردایەتی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی کرد و ئەو گەلەی لەدەست جەور و ستەمی بەعسییەکان و سەدامی دیکتاتۆر ڕزگارکرد."