باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا هۆشداری دەدات لەوەی میلیشیا تیرۆرستەکانی ناو عێراق هەوڵ دەدەن هێرشی زیاتر بکەنە سەر ئامانجەکانی ئەمەریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا هەندێک لایەنی پەیوەست بە حکومەتی عێراق یارمەتییان دەدەن.
باڵیۆزخانەکە ئەمڕۆ دووشەمە ڕایگەیاند، "میلیشیا تیرۆریستە عێراقییەکان، کە هاوپەیمانن لەگەڵ ئێران، بەردەوامن لە پیلانگێڕی بۆ هێرشی زیاتر دژی هاووڵاتییانی ئەمەریکایی و ئامانجەکانی پەیوەست بە ئەمەریکا لە سەرانسەری عێراق، لەنێویاندا هەرێمی کوردستانی عێراق."
دەشڵێت، "هەندێک لایەنەکانی پەیوەست بە حکومەتی عێراق بە شێوەیەکی چالاک بەردەوامن لە دابینکردنی ڕووپۆشی سیاسی و دارایی و ئۆپەراسیۆنی بۆ ئەم میلیشیا تیرۆریستانە."
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا داوا لە هاوڵاتیانی ئەمەریکایی دەکات سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان نەکەن.
سەرەڕای کردنەوەی فڕۆکەخانەکان و دەستپێکردنەوەی سنورداری گەشتە ئاسمانییەکان، باڵیۆزخانەکە دەڵێت گەشتە ئاسمانییەکان لە عێراقەوە دەکەونە بەر مەترسی مووشەک و درۆن.
لەدوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی دوو هەفتەیی لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا لە ڕۆژی 8ی چوار، ئەمە یەکەم جارە نوێنەرایەتی ئەمەریکا لە عێراق ئەم هۆشدارییە جارێکی تر نوێ دەکاتەوە.
ڕۆژی 9ی چوار جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە واشنتن بانگهێشتی باڵیۆزی عێراقی کرد بۆ ئەوەی بە فەرمی ناڕەزایی توندی ئەمەریکای پێ بگەیەنێت سەبارەت بە هێرشەکانی حەشدی شەعبی، بەتایبەت هێرشەکەی 8ی مانگ بۆ سەر دیپلۆماتکارانی ئەمەریکایی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا.
ڕۆژی 12ی مانگیش لیژنەی باڵای هەماهەنگی هاوبەشی نێوان ئەمەریکا و عێراق بۆ جاری پێنجەهەم کۆبووەوە بە مەبەستی ڕاگرتنی هێرشەکانی ئەو گرووپە تیرۆرستانە.