ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت 10 ملیۆن دۆلار پاداشت دەبەخشێتە هەر کەسێک زانیاری بدات لەسەر ناسنامەی ئەحمەد ئەلحەمیداوی، فەرماندەی حزبوڵای عێراق کە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە،14ی مانگی چوار لە رێگەی پرۆگرامی پاداشت بۆ دادپەڕەوەی ڕایگەیاند دە ملیۆن دەدرێتە هەر کەسێک زانیاری لەسەر ئەلحەمیداوی بدات و دەڵێت ئەم کەسە سەرکردایەتی هێرشەکانی حزبوڵا دەکات بۆ سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا لە عێراق.
لەڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوە ئاماژە بەوە کراوە "ئەلحەمیداوی هاووڵاتیانی بێتاوانی کوشتووە و هاووڵاتیانی ئەمەریکا ڕفاندووە و هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوەکان".
ئاماژە بەوەشکراوە"یارمەتیمان بدەن بۆ وەستاندنی توندوتیژییەکان، هاوکارمان بن بۆ ڕاگرتنی ئەلحەمیداوی، زانیارییەکانتان بنێرن بۆمان".
لە پۆستەرێکدا کە پرۆگرامی پاداشت بۆ دادپەروەری لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، هاتووە "ئەحمەد ئەلحەمیداوی سەرۆکی گرووپی تیرۆریستی کەتائیب حزبوڵایە کە گرووپێکی سەر بە ئێرانە لە عێراق و بەرپرسیارە لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و ڕفاندنی هاووڵاتیانی ئەمەریکایی و کوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنیی بێتاوانی عێراق."
حکومەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2020 ئەلحەمیداوی وەک تیرۆریستێکی جیهانی تایبەت دەستنیشان کردبوو.