Accessibility links

ئەمەریکا حەوت فەرماندەی حەشدی شەعبی دەخاتە لیستی تیرۆرەوە

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئابووری، حەوت فەرماندەی گرووپە شیعەکانی بەکرێگیراوی ئێران لە عێراق دەخاتە لیستی ڕەشەوە و وەزیری گەنجینە دەڵێت "ڕێگە نادەین میلیشیا تیرۆرستییەکانی عێراق بە پشتگیری ئێران هەڕەشە لە ژیان و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بکەن."

سێ لەو حەوت کەسانە فەرماندەی باڵان لە ڕێکخراوی کەتائیبی حزبوڵا و بریتین لە عەمار جاسم کازم رەماهی، ڕەزوان یوسف حەمید محەمەد و حەسەن زیهاب هەمزە هەمزە. هەرسێکیان هەماهەنگییان کردووە بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق.

گەنجینەی ئەمەریکا هەروەها سەفا عەدنان جەبار سوئەیدی لە ڕێکخراوی عەسائیبی ئەهلی حەق خستووەتە لیستی تیرۆرەوە، کە بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو گرووپەیە لە پارێزگای سەڵاحەدین.

هەریەک لە خالید جەمیل عابد بەختەرە و سەعید کازم موخەمیس لە میلیشیای کەتائیبی سەیدی شوهەدا و هوشام هاشیم جەیسون لە ڕێکخراوی حەرەکەتی نوجەبا لەناو لیستەکەی وەزارەتی گەنجینەدان.

سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، سەبارەت بەم بڕیارە ڕایگەیاند، "ڕێگە نادەین میلیشیا تیرۆریستییەکانی عێراق کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، هەڕەشە لە ژیان و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بکەن." گوتیشی "ئەوانەی ڕێگە بەو میلیشیایانە دەدەن و هاوکاریان دەکەن، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت."

ڕێکخراوەکانی کەتائیبی حزبوڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتائیبی سەیدی شوهەدا و حەرەکەتی نوجەبا سەر بە حەشدی شەعبین و لەلایەن ئەمەریکاوە بە فەرمی خراونەتە ناو لیستی ڕێکخراوە تیرۆرستە بیانییەکان.

وەزارەتی گەنجینە دەڵێت ئەو ڕێکخراوانە و فەرماندەکانیان "هێرش دەکەنە سەر کارمەندانی ئەمەریکاییی و هاوڵاتیانی مەدەنی بێتاوان لە سەرانسەری عێراق، سامانی عێراق بۆ ئەنجامدانی چالاکییە تیرۆریستییەکانیان بۆخۆیان دەبەن و سەروەری عێراق و پرۆسەی دیموکراسی لەو وڵاتەدا تێکدەدەن."

This item is part of
XS
SM
MD
LG