سەرۆک ترامپ: زۆرێک لە وڵاتان کەشتی جەنگی دەنێرن، بۆ ئەوەی گەرووی هورمز بە کراوەیی بمێنێتەوە

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، زۆرێک لە وڵاتان کەشتی جەنگی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن بۆ ئەوەی گەرووی هورمز بە کراوەیی بمێنێتەوە.

سەرۆک ترامپ لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆرمی 'تروث سۆشیاڵ' گوتی: زۆرێک لەو وڵاتانە بە تایبەتی ئەوانەی کە بەهۆی هەوڵی ئێران بۆ داخستنی گەرووی هورمز زیانیان بەرکەوتووە، کەشتییە جەنگییەکانیان دەنێرن بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەمەریکادا هاوکار بن هەتا گەرووەکە بە کراوەیی و سەلامەت بمێنێتەوە.

ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارە کە، چین، فەرەنسا، ژاپۆن، کۆریای باشوور، بەریتانیا و وڵاتانی دیکە کەشتی جەنگی بۆ ناوچەکە بنێرن.

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها گوتیشی: لە هەمان کاتدا ئەمەریکا بۆردومانی کەناراوەکانی (ئێران) دەکات و هێرش دەکاتە سەر کەشتی و کەشتییە ئێرانیەکان لە ناو ئاوەکەدا.

ترامپ لە پۆستەکەیدا ڕایگەیاند، گەرووی هورمز بە هەموو شێوەیەک کراوە و سەلامەت و ئازاد دەبێت.