وتەبێژی کۆشکی سپی: سوپای ئەمەریکا هێزی دەریایی ئێرانی لەناوبردووە

کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی

کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سوپای ئەمەریکا هێزی دەریایی ئێرانی لەناوبردووە.

لیڤیت گوتی هێزی دەریایی ئێران "چیتر بۆ شەڕ بەکارنایات" پاش وێرانکردنی زیاتر لە 50 کەشتی دەریایی ئێرانی لە ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەییدا.

لیڤیت هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا لەسەر پلاتفۆرمی تروث سۆشیال، جەختی لەوە کردەوە کە جگە لە "تەسلیمبوونی بێ مەرج" هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی ئێراندا نابێت.

وتەبێژی کۆشکی سپی باسی لەوەشکرد، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە 10 کەشتیی دیکەی ئێرانی لەناوبراون و ڕایگەیاندووە کە ئەو کەشتییانە بۆ دانانی مینی دەریایی بەکاردەهێنران.

سەبارەت بە ماوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی دژ بە ئێران، لیڤیت گوتی " ئۆپەراسیۆنەکان کاتێک کۆتاییان پێدێت کە فەرماندەی گشتی دیاری بکات کە ئامانجە سەربازییەکان بەدی هاتوون، بە تەواوەتی جیبەجێ کراون و ئێرانیش لە دۆخێکدابێت کە بەبێ مەرج ڕادەستبووبێت، جا خۆی دانێ‌ پێدابنێت یان نا."