Accessibility links

گەنجینەی ئەمەریکا 'بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە' سوریا دەگەڕێنێتەوە بۆ ناو سیستەمی دارایی جیهان

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە لابردنی هەندێک سزای لەسەر سیستەمی دارایی سوریا ڕاگەیاند و دەڵێت لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا کاردەکات بۆ گێڕانەوەی وڵاتەکە بۆ ناو سیستەمی دارایی جیهانی "بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە."

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "لابردنی سزاکان تەنها یەکەم هەنگاوە بۆ بەدیهێنانی دیدگای مێژوویی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ مەزنی و خۆشگوزەرانی لە سوریا. گەنجینەی ئەمەریکا لەگەڵ حکومەتی نوێ کاردەکات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە سوریا بخاتەوە ناو سیستەمی دارایی جیهانییەوە."

وەزارەتی گەنجینە پێشوازی لە بڕیارێکی بانکی ناوەندی سوریا کردووە کە بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 2011ەوە دووبارە ئەکاونتەکەی لە بانکی ناوەندی لە نیویۆرک چالاک کردووەتەوە.

بانکی ناوەندی سوریا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە بانکییەکانی لەگەڵ بانکی فیدراڵ ڕێزێرڤ نیویۆرک (بانکی ناوەندی لە نیویۆرک) تەواوکردووە و هەژمارەکەی لە دامەزراوەکەدا چالاککردووەتەوە.



بە گوتەی بەرپرسانی بانکی ناوەندی سوریا، ئەم پێشهاتە دوای چەند مانگێک لە هەوڵی تەکنیکی و دوابەدوای هەڵگرتنی سزاکان لەلایەن ئەمەریکا و یەکێتی ئەورووپاوە هاتە ئاراوە. هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییەکان ڕێگەی خۆشکردووە بۆ گەڕانەوەی سوریا بۆ بازاڕە ناوچەیی و جیهانییەکان و دەرفەتی نوێی بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان و ڕەوتی دارایی ڕەخساندووە.

کردنەوەی هەژماری بانکی ناوەندی سوریا لە بانکی فیدراڵ ڕێزێرڤ نیویۆرک وەک نیشانەی ئامادەیی دیمەشق بۆ دووبارە پەیوەندیکردنەوە لەگەڵ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی سەیر دەکرێت. هەروەها ئەم ڕێوشوێنە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان سوریا و ئەمەریکا و دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئەنجامدانی مامەڵە داراییە نێودەوڵەتییەکان بەشێوەیەکی پارێزراوتر و خێراتر و بەهێزکردنی سەقامگیری دراوی و دارایی.

بانکی ناوەندی سوریا ڕایگەیاندووە ئەمە دەرئەنجامی چەند مانگێکە لە هاوکاری تەکنیکی و کۆبوونەوەی تایبەتە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا و فیدراڵ ڕێزێرڤ. لەم پرۆسەیەدا هەماهەنگی لەگەڵ تیمی تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەت بۆ سوریا و لوبنانیش کراوە.

عەبدولقادر ئەلحوسری، پارێزگاری بانکی ناوەندی سوریا، ئەم هەنگاوەی بە "خاڵی وەرچەرخانی ستراتیژی لە گەڕانەوەی سوریا بۆ سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی" ناودێر کرد و وتی ئەم پێشهاتە نیشاندەری پابەندبوونی دیمەشقە بە شەفافیەت و پابەندبوون بە ڕێسا داراییەکان و بەڕێوەبردنی دراوی دروست.

بە وتەی ناوبراو، ئەم هەنگاوە دەتوانێت متمانەی نێودەوڵەتی بە کەرتی بانکی سوریا بەهێز بکات و یارمەتیدەر بێت بۆ زیادکردنی متمانەی ناوخۆیی بە سەقامگیری سیستەمی دارایی.

هەروەها بانکی ناوەندی سوریا ڕایگەیاندووە لە هەمان کاتدا چاکسازییەکانی بۆ بەهێزکردنی میکانیزمەکانی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی گرووپە تیرۆریستیەکان و نوێکردنەوەی یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە داراییەکان بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێکردووە.

XS
SM
MD
LG