دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی تروث سۆشیال ڕایگەیاند، ئێران، کە گورزێکی گەورەی بەرکەوتووە، داوای لێبوردنی لە وڵاتانی دراوسێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و بەڵێنی داوە واز لە بەئامانجگرتنیان بهێنێت.
سەرۆک ترامپ دەشڵێت " ئەم بەڵێنە تەنها بەهۆی هێرشە بێوچانەکەی ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە بوو. ئەوان (ئێرانیەکان) دەیانویست دەست بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگرن و حوکمڕانی بکەن."
سەرۆکی ئەمەریکا دەشڵێت وڵاتانی ناوچەکە سوپاسیان کردووە چونکە ئەمە یەکەم جارە لە هەزاران ساڵدا ئێران بەم شێویە بدۆرێت و خۆی ڕادەستی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات " ئێران چیتر شەڕفرۆشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە، بەڵکو دۆڕاوێکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و بۆ چەندین دەیە وا دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی خۆی دەدات بەدەستەوە یان بە تەواوەتی دەڕووخێت."
هەروەها پێشنیاری کرد کە ئەگەر ململانێکان زیاتر پەرە بسێنێت، دەتوانرێت ناوچە و گروپە زیادەکانی ناو ئێران بکرێنە ئامانج و وتی ئێستا لەژێر "لەبەرچاوگرتنی ڕژددان بەهۆی ڕەفتارە خراپەکانی ئێرانەوە."
ئەم لێدوانەی ترامپ لە کاتێکدایە کە مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران داوای لێبوردنێکی نائاسایی گشتی لە وڵاتانی دراوسێی کرد کە بەهۆی کردەوەکانی ئێرانەوە لە کاتی پەرەسەندنی ململانێکان کاریگەرییان لەسەر بووە.
پزیشکیان گوتی "من بە شێوەیەکی شەخسی داوای لێبوردن لە وڵاتانی دراوسێ دەکەم کە بەهۆی کردەوەکانی ئێرانەوە کاریگەرییان لەسەر بووە" و داوای لە حکومەتەکانی ناوچەکە کرد کە بەشداری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل نەکەن دژی ئێران.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجومەنی سەرکردایەتی کاتی ئێران ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر دەوڵەتانی نزیک، مەگەر لە خاکی وڵاتەکەیانەوە هێرش بکرێتە سەر ئیران.
ڕۆژی 28 ی مانگی دوو ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژ بە ڕژێمی ئێران دەستیپێکرد بە مەبەستی ڕێگری کردن لە ڕەفتارە شەڕانگێزەکانی ئێران لە ناوچەکە و سنووردارکردنی تواناکانی بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئەتۆمی و بەرنامەی مووشەکی.
لە ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنە بەشێکی زۆر لە سەرکردە باڵاکانی ئێران کوژران بە ڕێبەری باڵای وڵاتەکە ئایەتوڵا عەلی خامنەییشەوە. سوپای ئەمەریکاش ڕایگەیاند، هێزی دەریایی ئێران لە ناو براوە.
ئێران و گرووپە بەکرێگیراوەکانیشی لە بەرامبەردا سەدان هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان کردووەتە سەر وڵاتانی ناوچەکە.
سەرکردەکانی ناوچەکە هێشتا نیگەرانن لەوەی کە ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان نەتوانن قەیرانەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، شەڕەکە زیاتر لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوبێتەوە.