فۆکس نیوز شەوی هەینی بڵاویکردەوە کە سێهەمین گروپی هێرشبەری کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی هێزی دەریایی ئەمەریکا بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئامادەکراوە.
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن ڕۆژی پێنجشەممە مەشق و ڕاهێنانەکانی ئەو کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە تەواو بووە و ئێستا ئامادەیە بەرەو ناوچەکە بەڕێبکەوێت.
هێزی دەریایی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە ئەو فڕۆکە هەڵگرە ڕاهێنانی پێویستی تەواو کردووە. دەبێت هەموو فڕۆکەهەڵگرەکان پێش ئەوەی بەشداری ئۆپراسیۆنەکان بکەن، ئەو جۆرە ڕاهێنانە تەواو بکەن.
فۆکس نیوز دەڵێت کەشتی فڕۆکە هەڵگری 'یو ئێس ئێس جۆرج دەبڵیو بوش' ئامادەکارییەکانی تەواو بووە و ئێستا ئامادەیە بۆ ڕۆیشتن بەرەو ناوچەکە.
ئەو کەناڵە ئەمەریکاییە ئاماژەی بەوەشکردووە، کەشتیی فڕۆکە هەڵگری 'یو ئێس ئێس جۆرج دەبڵیو بوش' بەم زووانە بەرەو دەریای ناوەڕاست دەڕوات و کەشتی گەورەی فڕۆکە هەڵگری جیراڵد ئاڕ فۆردیش دوای تێپەڕبوونی بە کەناڵی سوێسدا، ڕۆژی پێنجشەممە چووەتە دەریای سوورەوە.
پێشتریش کاربەدەستانی ئەمەریکا ڕایانگەیاندبوو کە هێزی زیاتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی ڕەوانەی ناوچەکە دەکەن.