لینزی گراهام: ئیسرائیل سوپاسی ئەمەریکا دەکات بۆ بەشداریکردن لە شەڕی دژ بە ڕژێمی ئێران

سیناتۆر لینزی گراهام ڕایدەگەیەنێت، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهۆ سوپاسی ئەمەریکای کردووە بۆ بەشداری کردن لە شەڕ دژی ئێران.

گراهام ڕۆژی چوارشەممە لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند پەیوەندییەکی "زۆر باشی" تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتەنیاهۆ ئەنجام داوە کە تیادا " سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرۆک ترامپ، ژن و پیاوە ئازاکانمان لە ڕیزەکانی لەشکر و گەلی ئەمەریکا کردووە بۆ بەشداریکردن لە شەڕی دژی نازییە ئایینییە سەردەمی مۆدێرنەکان لە ئێران."

ئەو سیناتۆرە کۆمارییە دەڵێت "ئیسرائیل وڵاتێکی بچووکە بە دڵێکی گەورە و ئیرادەیەکی نەگۆڕەوە بۆ مانەوە و گەشەکردن. ئەوانەی ئارەزووی لەناوبردنی ئیسرائیل دەکەن، ئارەزووی لەناوبردنی ئەمەریکاشیان هەیە."

دەشڵێت نەتانیاهۆ لە پەیوەندییەکەی ئەمڕۆدا،جەختیشی لەوە کردووەتەوە کاتێک ئێران دروشمی "مەرگ بۆ ئەمەریکا" ڕێک مەبەستییەتی.

گراهام دەشڵێت، باسمان لە دەروازی ئاشتیش کردووە کە بە نەمانی ڕژێمی ئێرانی دروستکەری تیرۆرسم دەکرێتەوە.

گوتیشی "سەرۆک وەزیران بە تەواوی پابەندە بە هەوڵدان بۆ بنیاتنان لەسەر ڕێککەوتنەکانی ئەبراهم کە هەرێمەکە بباتە ئاستێکی نوێی خۆشگوزەرانی و ئاسایشەوە."

لێدوانەکەی گراهام لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ چوارشەممە وەزیری جەنگی ئەمەریکا پیت هەگسێت ڕایگەیاند "تەنها ئەمەریکا دەتوانێت سەرکردایەتی ئەم کارە بکات. تەنها ئێمە دەتوانین ئەمە بکەین. بەڵام کاتێک هێزی بەرگری ئیسرائیل (IDF) زیاد دەکەیت، کە هێزێکی زۆر بەتوانایە، ئەوە دەبێتە وێرانکارییەکی تەواو بۆ نەیارە ئیسلامییە توندڕەوەکانمان لە ئێران."