سوپای ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت لەوەتای حزبوڵا تێکەڵ بە شەڕەکە بووە و موشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە، زیاتر لە 250 ئامانجی ئەو گرووپەیان لە لوبنان پێکاوە، وە 100 ئامانجیان تەنها لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا بووە.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد ئامانجەکان بریتین لە فەرماندە باڵاکان، موشەکهاوێژەکان، کۆگاکانی چەک و ناوەندەکانی فەرماندەیی حزبوڵا و گروپە چەکدارەکانی دیکە.
لە ڕاپۆرتێکی تایمزی ئیسرائیلدا هاتووە، ناوەندێکی فەرماندەیی حزبوڵا لە ناوچەی نەباتیە و چەند بنکەیەکی دیکە لە باشووری لوبنان لە هێرشەکانی شەوانەدا تێکشکێنراون.
سوپای ئیسرائیل هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو موشەکهەڵدانەی کە بەکارهاتبوو بۆ ئاراستەکردنی سێ موشەک بۆ سەر تەلئەڤیڤ و حەیفا، کەمتر لە کاتژمێرێک دوای هێرشەکە دەستنیشانکراون و لەناوبراون.
هاوکات سوپای ئیسرائیل مەزەندەی کردووە کە نزیکەی 300 هەزار هاووڵاتی مەدەنی لوبنانی لە گوندەکانی باشووری لوبنان هەڵاتوون، ئەمەش دوای ئەوەی هۆشداری چۆڵکردنیان بۆ دەرچووە. هەروەها هۆشداری نوێ بۆ زیاتر لە دەیان گوندی دیکە دەرچووە.
سەرەڕای بڕیاری حکومەتی لوبنان بۆ قەدەغەکردنی چالاکییە سەربازییەکانی حزبوڵا، بەڵام ئەو گرووپە جارێکی دیکە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دژی ئیسرائیل ئەنجام دا و بەرپرسیارێتی هێرشەکانی لەئەستۆ گرت.