مستەفا هیجری داوا لە سەربازانی ئێران، بە تایبەت لە کوردستان، دەکات بنکە سەربازییەکان چۆڵ بکەن و بگەڕێنەوە باوەشی بنەماڵەکانیان

مستەفا هیجری، سکرتێری گشتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری، سکرتێری گشتی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، داوا لە هێزە چەکدارەکانی ئێران دەکات سەربازگەکان چۆڵ بکەن و بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.

بەڕێز هیجری لە پۆستێکی ئێکسدا دەڵێت زۆر جار هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر " بنکە ئەمنی و سەربازییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران" دەبێتە هۆی مەترسی بۆ سەر ژیانی خەڵکی سڤیل، بۆ یە داوا دەکات "هەموو سەرباز و پێرسۆنیلی خاوەن هەڵوێست و ئازادیخواز لە سەرانسەری ئێران و بە تایبەت لە کوردستان، پادگان و بنکە ئەمنی و سەربازییەکانی سوپا، ئەرتەش و هێزە چەکدارەکانی ئەم ڕێژیمە بەجێ بهێڵن و واز لە خزمەت و ئەرکی پێ ئەسپێردراویان بهێنن و بگەڕێنەوە باوەشی بنەماڵەکانیان"

لە ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی چوارشەممەیدا ڕایشیگەیاندووە ئەم داوایەی لە پێناو " پارێزراوبوونیانە لەم هێرشانە و پاشان؛ پشتکردنیان لە ڕیزی هێزی چەکدار و سەرکوتکەری ڕێژیمە."

پێشتریش سەرۆک ترامپ هەر لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی لە ڕۆژی 28ی مانگی 2 دا داوای لە هێزە چەکدارەکانی ئێران کرد " چەکەکانتان دابنێن. بە دادپەروەرانە مامەڵەتان لەگەڵ دەکرێت بە پارێزبەندی تەواو، ئەگەر نا ڕووبەڕووی مردنی دڵنیا دەبنەوە.."

بە گەلی ئێرانیشی ڕاگەیاند " کاتی ئازادی ئێوە نزیکە." و گوتیشی " کاتێک تەواو بووین، دەست بەسەر حکومەتەکەتاندا بگرن. هی ئێوە دەبێت، بۆ ئەوەی وەریبگرن. ڕەنگە ئەمە تاکە هەڵی ئێوە بێت بۆ چەندین نەوە."