Accessibility links

حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران: کورد بۆ سیستەمی فیدراڵی لە ئێران هەوڵ دەدات

مستەفا مەولودی، جێگری سکرتێری گشتی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
مستەفا مەولودی، جێگری سکرتێری گشتی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێگری سکرتێری گشتی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، بەهۆی هەبوونی پێکهاتەی جۆراوجۆر لە چوارچێوەی جوگرافی ئێراندا "سیستەمی سیاسی ئێران دەبێت دیموکراسی فیدراڵی بێت."

مستەفا مەولودی، جێگری سکرتێری گشتی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕایگەیاند، "هێزە سیاسییەکانی کورد، کە پشتیوانی خەڵکی خۆشیان هەیە، کاردەکەن بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی فیدڕاڵی لە ئێران. بۆ ئەوە هەوڵدەدەین."

گفتوگۆ لەگەڵ مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
please wait

No media source currently available

0:00 0:11:57 0:00

بەرپرسەکەی حزبی دێموکرات ئاماژەی دا بەوەی زەمینەی دامەزراندنی سیستەمی فیدڕاڵی لە ئێران هەیە "لەبەر ئەوەی ئێران وڵاتێکی پان و بەرین و گەورەیە، وڵاتێکی جۆراوجۆر و پێکهاتەی جۆراوجۆری تێدایە."

هەروەها بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "ئەگەر دەیانەوێت لە ئێران سیستەمێکی دیموکراسی هەبێت کە وەڵامدەرەوەی خواستەکانی خەڵک بێت، سیستەمی ئێران دەبێت سیستەمێکی دیموکراسی فیدراڵی بێت وەکو ئەو فیدراڵییەی لە جیهاندا هەیە."

مستەفا مەولودی جەخت دەکاتەوە لەبەر دوو هۆکار دەبێت سیستەمی فیدراڵی بۆ ئێرانی دوای ڕژێمی کۆماری ئیسلامی دابمەزرێت: "یەکەم، کورد خواستی ئەوەی هەیە و ئەو زەمینەیە دەبێت دروستبێت. دووەم، ئێرانییەکانی مەرکەز ئەگەر دەیانەوێت وڵاتەکەیان ئاسودە بێت، دەبێت بیر لەو سیستەمە بکەنەوە."

لەدوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی 'تووڕەیی ئەفسانەیی' لە لایەن ئەمەریکا و کوشتنی عەلی خامنەیی و دەیان بەرپرسی تری کۆماری ئیسلامی، پرسی داهاتووی ئێران بووەتە بابەتێکی سەرەکی.

سەرۆک دۆناڵد ترامپ و بەرپرسانی ئیدارەکەی بە ئاشکرا گوتویانە، لە چوارچێوەی ستراتیژییەتی نیشتیمانی ئەمەریکا، حکومەتی ئەمەریکا ئەرکی گۆڕینی ڕژێم و بونیادنانی دەوڵەت ناگرێتە ئەستۆ.

سەرۆک ترامپ ڕایگەیاندووە کە خوازیاری گۆڕینی ڕژێمی ئێرانە، بەڵام دەڵێت هەنگاوی گونجاو ئەوەیە کە گۆڕانکارییەکە لەلایەن خەڵکانی ئێران و لەناوخۆی وڵاتەکەوە بێت.

ڕۆژی سێشەممە ڕۆژنامەنووسێک پرسیاری لە سەرۆک ترامپ کرد، ئایا ئەو پشتگیری لە هێنانەوەی ڕەزا پەهلەوی دەکات؟ سەرۆک گوتی، "هەندێک کەس حەز بە [ڕەزا پەهلەوی] دەکەن، ئێمە زۆر بیرمان لەوە نەکردووەتەوە. لای من وایە کەسێک لەناوەوە شیانی هەیە گونجاوتر بێت، من ئەوەم گوتووە. ئەو کەسێکی باش دیارە، بەڵام لای من وایە کەسێک کە لەوێ بێت و کەسێک بێت کە ئێستا بەناوبانگ بێت، ئەگەر کەسێکی وەها هەبێت."

سەرۆک ترامپ ئەو لێدوانەی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دا، کاتێک لە کۆشکی سپی میوانداری فریدریش مێرز ڕاوێژکاری ئەڵمانیای کرد.

سەرۆک ترمپ ڕایگەیاند، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ڕژێمی ئێران هەتا ئەو کاتەی سوپای ئێران بە تەواوی لەناو دەچێت.

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاند کە خراپترین سیناریۆ بۆ ئێران ئەوەیە، ئەگەر ئەم کارە بکەن و دواتر ڕژێمێکی هێندەی ئەم ڕژێمە خراپ بێتە ئاراوە. گوتی، "دەشێت ئەوە ڕووبدات، بەڵام نامانەوێت ڕووبدات. ئێمە دەمانەوێت کەسێک لەوێ ببینین کە بۆ خەڵکی خۆی باش بێت.”

ترامپ هەروەها گوتیشی، "با ببینین چی بۆ خەڵکی تێدا دەبێت. هەلێکیان بۆ ڕەخساوە. ئەوان دەیانویست بڕژێنە سەر شەقامەکان، بەڵام ئێمە گوتمان ئێستا ئەوە مەکەن، زۆر مەترسیدارە، بۆمب لە هەموو شوێنێک دەکەوێتە خوارەوە."

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە کەسێکیان لە مێشکدا هەبووە کە سەرکردایەتی ئێران بکات، بەڵام ئەویش لە هێرشەکاندا کوژراوە.

XS
SM
MD
LG