Accessibility links

ترامپ: باشترە ڕێبەری نوێی ئێران لە ناوخۆی وڵات بێت

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا، لە درێژەی هەڵمەتەکانی بۆ نەهێشتنی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران گوتی ئەگەر ڕژیمەکە ڕووخێنرا، ڕەنگە گونجاو بێت کەسێک لە ناوخۆی ئێرانەوە ببێتە ڕێبەری نوێی ئەو وڵاتە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ فریدریش مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ڕژێمی ئێران تا ئەو کاتەی سوپای وڵاتەکەی بە تەواوی لەناو دەچێت.

سەبارەت بە پرسیاری پەیامنێرێک کە ئایا کوڕی شای پێشووی ئێران، ڕەزا پەهلەوی، هەڵبژاردەیەکی باشە بۆ سەرکردایەتیکردنی وڵات دوای ڕووخانی ڕژێمی ئێستا، ترامپ وتی پەهلەوی "پێدەچێت کەسێکی باش بێت، بەڵام باشترە ئەگەر کەسێک لە ناوخۆی ئێرانەوە ببێتە سەرکردەی وڵاتەکە، کەسێک کە پشتیوانیی هەبێت".

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاند کە خراپترین سیناریۆ بۆ ئێران ئەوەیە، ئەگەر ئەم کارە بکەن و دواتر ڕژێمێکی هێندەی ئەم ڕژێمە خراپ بێتە ئاراوە، دەشێت ڕووبدات، بەڵام نامانەوێت ڕووبدات. ئێمە دەمانەوێت کەسێک لەوێ ببینین کە بۆ خەڵکی خۆی باش بێت."

ترامپ هەروەها گوتیشی " با ببێنین بۆ چی بۆ خەڵکی تیا دەبێت. هەلێکیان بۆ ڕەخساوە. ئەوان دەیانویست بڕژێنە سەر شەقامەکان، بەڵام ئێمە گوتمان ئێستا ئەوە مەکەن، زۆر مەترسیدارە، بۆمب لە هەموو شوێنێک دەکەوێتە خوارەوە."

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە کەسێکیان لە مێشکدا هەبووە کە سەرکردایەتی ئێران بکات، بەڵام ئەویش لە هێرشەکاندا کوژراوە.

لای خۆیەوە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا مێرز ڕایگەیاند، وڵاتەکەی و ئەمەریکا لەسەر ئەوە کۆکن کە نابێت ڕژێمی تاران بمێنێتەوە.

مێرز هەروەها ئاماژەی بەوەدا، هیوادارە ئەم شەڕەی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل لەدژی ڕژێمی ئێران بە زووترین کات کۆتایی پێبێت، چونکە زیان بە ئابووری ئەڵمانیا و جیهان دەگەیەنێت.

XS
SM
MD
LG