دەستەی سوێندخۆران بۆ دووهەم ڕۆژە بەردەوامن لە تاوتوێکردنی بڕیارەکەیان لەسەر ترامپ

دەستەی سوێندخۆرانی لە دووهەم ڕۆژی تاوتوێکردنی بڕیارەکانیاندان لەسەر چارەنوسی دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا کە لە دۆسێیەکی تاوانکاریدا لە نیویۆرک دادگایی دەکرێت.

دەستەی سوێندخۆران کە لە 12 ئەندام پێکهاتوون ڕۆژی چوارشەممە بۆ ماوەی نزیکەی چوار کاتژمێر کۆبوونەوە پێش ئەوەی داوا لە دادوەری چاودێری دۆسێکە بکەن گوێ لە نووسراوی گەواهیدانەکەی، دەیڤید پاکەر، سەرنوسەری پێشووی بڵاوکراوەی ناشناڵ ئینکوایرەر و مایکل کۆهن، پارێزەری پێشووی ترامپ بگرنەوە سەبارەت بە کۆبوونەوەکەیان لە مانگی هەشتی ساڵی 2015 لەگەڵ ترامپ لە ئۆفیسی ترامپ.

داواکارانی گشتی ئەو کۆبوونەوەیەیان بە "پیلانگێڕی تاوەری ترامپ" ناودێرکردووە، چونکە دەیڤد پاکەر گەواهی ئەوەی داوە لەوێ بە ترامپی هاوڕێی دێرینی گوتووە دەبێتە "چاو و گوێی" بۆ ئەوەی ئاگاداری چیرۆکە نەرێنییەکان بێت دەربارەی ئەو لەکاتێکدا خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کاندید دەکات.

ترامپ بە شێوەیەکی بەرفراوان تۆمەتبار دەکرێت بەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی هەوڵی کاریگەری لەسەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016ی داوە کە بووە هۆی ئەوەی ببێت بە سەرۆکی ئەمەریکا.

کۆهین لە کاتی دادگاییکردنەکەدا گەواهی ئەوەی داوە کە ترامپ پێی وتووە "ئەو کارە بکە" 130 هەزار دۆلاری چەند ڕۆژێک پێش هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 بە ئەکتەری فیلمە سێکسییەکان ستۆرمی دانیێڵز داوە، بۆ ئەوەی بێدەنگی بکات و باس لەو پەیوەندییە نەکات کە دە ساڵ پێشتر هەیانبووە و ترامپ گوایە شەوێکی لەگەڵیدا بەسەربردووە. ترامپ ڕەتیدەکاتەوە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ دانیێڵزدا هەبێت.

ڕێککەوتنی پێدانی پارە لە پێناو ئەوەی کەسێک بێدەنگبێت نایاسایی نییە، بەڵام ترامپ بە تۆمەتێکی کە بریتییە لە 34 تاوان، لەسەر بە ساختەکردنی تۆماری بازرگانی کۆمپانیاکەی بۆ شاردنەوەی گەڕاندنەوەی ئەو پارەیە بۆ کۆهین لە ساڵی 2017دا، تێوەگلاوە، کە ترامپ گوتویەتی ئەو پارەیە بۆ کارە یاساییەکانی کۆهین بووە. بەرگریکارانی ترامپیش دەڵێن کۆهین بە ئارەزووی خۆی و بەبێ ئاگاداری ترامپ ئەو پارەیەی داوە بە پارێزەرەکەی دانیاڵ.

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا تەواوی تۆمەتەکەی ڕەتکردەوە.

لە کۆبوونەوەی تاوەری ترامپ لە ساڵی 2015، پاکەر بەڵێنیداوە مافی چیرۆکە شەرمەزارکەرەکان سەبارەت بە ترامپ بکڕێت بەڵام بە هیچ شێوەیەک مەبەستی بڵاوکردنەوەی هیچ کام لە زانیارییەکان نەبوو کە بە زمانێکی سادە وەک دەڵێت "کڕینیان بووە بۆ لەناوبردنیان." لە هەمان کاتدا چیرۆکی خراپ و هەڵبەستراویان دەربارەی نەیارانی سیاسی ئەو بڵاو کردووەتەوە.

تیمی بەرگری دەڵێت کە هیچ شتێکی نائاسایی لەم ڕێکخستنەدا نەبووە، هەرچەندە ئەمە پراکتیکی ڕۆژنامەوانی ئاسایی نییە لە ئەمەریکا.

دوای کۆبوونەوەکە، پاکەر بڕی 30 هەزار دۆلاری داوە بە دەرگاوانێکی باڵەخانەیەکی ترامپ لە نیویۆرک بۆ ئەوەی ئیدیعا نادروستەکەی خۆی بکشێنێتەوە لەسەر ئەوەی گوایە ترامپ باوکی منداڵێکی ناشەرعی بووە، هەروەها 150 هەزار دۆلاری داوە بە مۆدێلی گۆڤاری پلەی بۆی، کارین مەکدۆگال بۆ ئەوەی ئەو ئیدیعایەی بشارێتەوە گوایە لە ساڵی 2006 و 2007 دا پەیوەندی لەگەڵ ترامپدا هەبووە.

ترامپ ئەو پەیوەندییە ڕەتدەکاتەوە، هەرچەندە پاکەر ڕایگەیاندووە، ترامپ دواتر دانی بەوەداناوە کە ماکدۆگال دەناسێت و پرسیاری لەبارەی ڕەوشی ماکدۆگالەوە کردووە، کاتێک لە ساڵی 2017دا دوای ئەوەی ترامپ بوو بە سەرۆکی ئەمەریکا، لە گۆڕەپانی کۆشکی سپیدا پیاسەیان دەکرد.

هاوکات لەگەڵ گەواهیدانەکەی پاکەر، دەستەی سوێندخۆران داوای ئەوەشیان کردووە کە ئیفادەی کۆهین سەبارەت بە کۆبوونەوە سەرەکییەکەی تاوەری ترامپ ببیستنەوە، کە لەوانەیە هەوڵێک بێت بۆ تێگەیشتن لە ڕۆڵی ترامپ لە گفتوگۆکاندا بەو پێیەی لە دادگاییکردنەکەدا لەلایەن تیمی بەرگرییەوە پرسیاری لێنەکرا.

جگە لەوەش، دەستەی سوێندخۆران کە لە حەوت پیاو و پێنج ژن پێکهاتوون، داوای کرد ڕێنماییە یاساییەکانی دادوەری دادگای باڵای نیویۆرک خوان مێرچن سەبارەت بەو دۆسیەیە دووبارە بۆیان بخوێندرێتەوە، هەرچەندە ڕوون نەبوو کە ئایا دەیانەوێت گوێ لە هەموویان بگرن، یان تەنها هەندێکیان .

مێرچن زیاتر لە کاتژمێرێکی خایاند بۆ خوێندنەوەی ئەو لیستە درێژە لە ڕۆژی چوارشەممەدا پێش ئەوەی دەستەی سوێندخۆران دەست بە گفتوگۆکانیان بکەن. دادوەر دەستەکەی ناردەوە ماڵەوە بۆ ئەو ڕۆژە، پێش ئەوەی هیچ کام لەوانەی بۆ بخوێندرێتەوە، بەڵام ئامادەبوو ڕۆژی پێنجشەممە بیخوێنێتەوە.

دەستەی سوێندخۆران کە هەموویان خەڵکی نیویۆرکن کە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لە لیستەکانی تۆماری دەنگدەران هەڵبژێردراون، لە یەکەم دادگاییکردنی تاوانکاری سەرۆکێکی ئەمەریکادا بۆ ماوەی پێنج هەفتە گوێیان لە گەواهییەکانی 22 گەواهیدەر بوو.

بەپێی سیستەمی یاسایی ئەمەریکا، دەبێت دەستەی سوێندخۆران بە کۆی دەنگ بڕیار بدەن کە ئایا ترامپی تەمەن 77 ساڵ بێتاوان دەکەن یان بە تاوانباری دەزانن. ئەگەر نەتوانن ڕێکبکەون، لە ئەنجامدا بڕیارەکەی دەستەکە بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوە، ئەوا داواکارانی گشتی بڕیار دەدەن کە ئایا جارێکی تر پرۆسەی داگاییکردنی دەستپێبکەنەوەیان نا.

بۆ ترامپ، دەرئەنجامە نەک تەنها بۆ ئازادی شەخسی خۆی بەڵکو بۆ چارەنووسی سیاسیشی گرنگە. ئەو کاندیدی چاوەڕوان کراوی کۆمارییەکانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ساڵی 2024، بڕیارە لە هەڵبژاردنەکانی مانگی نۆڤەمبەردا جارێکی دیکە خۆی کاندید بکاتەوە بەرامبەر بە سەرۆک جۆو بایدن، ئەو دیموکراتەی کە لە ساڵی 2020دا شکستی پێهێنا.

ڕاپرسییە نیشتمانییەکان دەریدەخەن بایدن و ترامپ لە کێبڕکێیەکی تونددان، بەڵام هەندێک لە ڕاپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لایەنگرانی ترامپ دەتوانن دەنگەکانیان بگۆڕن بۆ بایدن یان بە هیچ شێوەیەک دەنگ نەدەن ئەگەر سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا تاوانبار بکرێت.

ئەگەر ترامپ تاوانبار بکرێت، ڕەنگە بخرێتە ژێر تاقیکردنەوە، یان سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەردا بسەپێنرێت، هەرچەندە سورە لەسەر ئەوەی داوای پێداچوونەوە دەکات دەتوانێت بەردەوام بێت لە خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

ترەمپ ڕووبەڕووی سێ تۆمەتی دیکە بووەتەوە، لەنێویاندا دووانیان بەهۆی ئەوەی گوایە شێوەیەکی نایاسایی هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020ی داوە کە تیایدا شکستی هێنابوو. بەڵام هەر سێ دۆسیەکە بەستراوەتەوە بە مشتومڕی یاسایی لە نێوان پارێزەرەکانی و داواکاری گشتیدا. لە ئەنجامدا، ڕەنگە دۆسیەی نیویۆرک کە نزیکە لە تەواوبوون، تاکە دۆسیە بێت کە پێش هەڵبژاردنەکانی مانگی نۆڤەمبەر بڕیاری لەسەر بدرێت.

نوسینی: کێن برێدمایەر