هێرشە ئاسمانییەکان سودان دەهەژێنن لە کاتێکدا هیچ ئاسۆیەک بۆ ئاگربەست لە ئارادا نیە

هێرشە ئاسمانییەکان ڕۆژی دووشەممە جارێکی دیکە پایتەختی سودانیان هەژاند، لە کاتێکدا دوایین دانوستانەکان بۆ ئاگربەست لە جەدە هیچ پێشکەوتنێکی بە خۆیەوە نەبینیووە، دیپلۆماتکارێکی عەرەبستانی سعودیە ڕایگەیاند هەردوولا خۆیان بە "توانای سەرکەوتن لە شەڕەکەدا" دەزانن.

سودان کەوتە ناو ئاژاوەیەکی کوشندە کاتێک لە 15ی مانگی چوار شەڕ لە نێوان هێزەکانی عەبدولفەتاح ئەلبورهان، سەرۆکی سوپا و محەمەد حەمدان داقلۆی ڕکابەرەکەی کە سەرۆکایەتی هێزەکانی پشتیوانی خێرای نیمچە سەربازییە، ڕوویدا.

لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکان سەدان کەس کوژراون و هەزاران کەسیش بریندار بوون، ملیۆنان کەسیش لەناو ماڵەکانیاندا خۆیان حەشارداوە لە کاتێکدا بە دەست کەمی ئاو و خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان دەناڵێنن.

ژەنەڕاڵە ناکۆکەکان نوێنەرەکانیان ڕەوانەی سعودیە کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دامەزراندنی ئاگربەستی مرۆیی لە هەوڵێکدا کە ئەمەریکاش پشتگیری لێدەکات، بەڵام تا ئێستا هیچ سوودێکی نەبووە.

دیپلۆماتکارێکی سعودی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، تا ڕۆژی دووشەممە، دانوستانەکان "هیچ پێشکەوتنێکی گەورەی بە خۆیەوە نەبینیووە."

دیپلۆماتکارەکە گوتیشی: ئاسۆیەک بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی لە ئارادا نییە، هەردوولا پێیان وایە توانای سەرکەوتنیان لە شەڕەکەدا هەیە.

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 60 هەزار کەس بەرەو باکوور و بەرەو میسر هەڵاتوون، هەروەها 30هەزار لە ڕۆژئاوا بەرەو چاد و زیاتر لە 27 هەزاریش بەرەو باشووری سودان هەڵاتوون.

بەرپرسی باڵای مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، مارتن گریفیتس، سەردانی شاری جەددەی لە کەناراوەکانی سعودیە کردووە، ئەو شوێنەی کە واشنتۆن و ڕیاز بە "گفتوگۆکانی پێش دانوستان" ناویان ناوە.

بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە گریفیتس "داوای کردووە بەشداری دانوستانەکانی" نێوان لایەنە شەڕکەرەکان بکات، بەڵام تا ئێستا داواکارییەکەی پەسەند نەکراوە."