سێ بەرپرسی سودان ڕایانگەیاند کە دوو ژەنەراڵە ڕکابەرەکەی سودان ڕۆژی هەینی نوێنەرەکانیان ڕەوانەی سعودیە کردوە بۆ دانوستاندن بە ئامانجی گەیشتن بە ئاگربەستێکی درێژمەودا بۆ شەڕی ناۆخۆی سودان کە سەدان کەس تاکو ئێستا تێیدا کۆژراون و هەزارانیش ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵ بوون.
ئەو دانوستانە کە لە لایەن ئەمەریکا و سعودیەوە دەستیپێکردووە، یەکەمین هەوڵی جددییە بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێی سێ هەفتەیەکەی ئەو وڵاتە.
هەردوو لایەنی سودان بە ڕوونی ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە گفتوگۆ و دانوستانەکان بەمەبەستی ئاگربەستێکی مرۆیی ئەنجام دەدەن و دانوستان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە ناکەن.
محەمەد حەمدان داقلۆی، سەرۆکی هێزەکانی پشتیوانی خێرا، هیوای خواست وتووێژەکان دەرنجامێکی باشی بۆ خەڵکی سڤیل هەبێت. ئەو پێشتر بەڵێنی داوبوو کە عەبدولفەتاح ئەلبورهان سەرۆکی سوپای سودان یان دەستگیر بکات یان بیکوژێت.
هاوکات سوپای سودان ڕۆژی هەینی وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ناردنی شاندێک بۆ جددە، ڕوونیکردەوە کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ شاندی "هێزەکانی پشتیوانی خێرا" گفتوگۆ ناکەن.
پێناچێت هیچ کام لە لایەنەکانی شەڕی سودان بەدوای سازاندا بن بۆ کۆتایی هێنان بەو شەڕ و خوێنڕشتنە.
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، نزیکەی 75 هەزار کەس بەهۆی شەڕەکانی خەرتوم و ویلایەتی نیلی شین و کۆردۆفانی باکوور و هەروەها ناوچەی نائارامی ڕۆژئاوای دارفۆرەوە لە ناوخۆدا ئاوارە بوون.
بە دەیان هەزار سودانی هەڵاتوون بۆ وڵاتانی دراوسێ لەوانە میسر، ئەسیوپیا، چاد و باشووری سودان، هاوکات وڵاتانی بیانیش گواستنەوەی بەکۆمەڵی هاووڵاتییانیان ئەنجامداوە.
بەرنامەی جیهانی خۆراک ڕایگەیاندووە، توندوتیژییەکان ملیۆنان کەسی دیکە دەخاتە ناو برسێتیەوە لە وڵاتێکدا کە 15 ملیۆن کەس - یەک لەسەر سێی دانیشتووان - لە ئێستاوە پێویستیان بە یارمەتی هەیە بۆ ڕێگریکردن لە برسێتی.
سەرچاوە/ئەسۆشیەیتد پرێس