خەڵکی مەدەنی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ڕۆژی سێشەممە پێش هێرشێکی پێشبینیکراوی ڕووسیا ناوچەکەیان بەجێهێش، هاوکاتیش کیێڤ ڕایگەیاندووە خەریکی لێکۆڵینەوەیە سەبارەت بەو ڕاپۆرتانەی کە باس لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەکات لە لایەن هێزەکانی ڕووسیاوە لە شاری بەندەری گەمارۆدراوی ماریوپۆل.
شەڕی ماریوپۆل کە پارێزگاری هەرێمەکە ڕایگەیاندووە، لەوانەیە تێیدا دەیان هەزار کەس کوژرابن، پێدەچێت گەیشتبێتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە و دەوترێت سەربازانی هێزی دەریایی ئۆکرانیا لە ناوچەی پیشەسازی ئەزۆڤستاڵ گیریان خواردووە.
ئەگەر ڕووسەکان دەست بەسەر ئەزۆڤستاڵدا بگرن، ئەوا دەتوانن کۆنتڕۆڵی تەواوی ماریوپۆل بگرنە دەست کە خاڵی بەیەک گەیشتنی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسیایە لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات. شارەکە پێشتر بە هۆی بۆردومانەکانی ڕووسیا وێران کراوە.
هانا مالیار جێگری وەزیری بەرگری ڕایگەیاند کە حکومەت خەریکی لێکۆڵینەوەیە لەسەر ئەو زانیاریە پشتڕاستنەکراوانە کە باس لە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەکات لە لایەن هێزەکانی ڕووسیاوە لە کاتی گەمارۆدانی ماریوپۆل.
مالیار لە لێدوانەکەیدا دەڵێت "باوەڕێک هەیە کە لەوانەیە ئەوەی بەکارهاتووە چەکی فۆسفۆر بووبێت."
سەرۆک ڤۆلۆدیمر زێلێنسکی شەوی دووشەممە ڕایگەیاندبوو کە ڕووسیا لەوانەیە لە کاتی هێرشەکانیدا لە ناوچەی دۆنباس بۆ هێرشێکی نوێ بۆ سەر ماریوپۆل پەنا بۆ چەکی کیمیایی ببات، بەڵام ئەو باسی لەوە نەکرد کە لە ڕاستیدا چەکی کیمیایی بەکارهاتووە یان نا.
ئەمەریکا و بەریتانیا ڕایانگەیاندووە کە هەوڵ دەدەن لە بارەی ڕاستی و دروستی ڕاپۆرتەکان لەو بارەیەوە لێکۆڵینەوە بکەن.
پاڤلۆ کیریڵنکۆ، پارێزگاری هەرێمی ڕۆژهەڵاتی دۆنتسک ڕایگەیاندووە کە هەندێ ڕاپۆرتی بینیووە لەسەر ئەگەری بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە ماریوپۆل، ئەو گوتی بەڵام ناتوانێت ڕاپۆرتەکان پشتڕاست بکاتەوە.
کیریلێنکۆ لە بارەی کۆی ژمارەی کوژراوانی ماریوپۆلەوە گوتی "لە ئێستادا باس لە 20بۆ22هەزار کوژراو دەکرێت." گوتیشی "پێویستە ژمارەکان زۆر بە وریاییەوە پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت."
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز دەڵێت وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وەڵامی داواکاری ئەو ئاژانسەی بۆ لێدوان سەبارەت بەو پرسە نەداوەتەوە.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکس دەڵێت کە هێزە جوداخوازەکانی سەر بە ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بەکارهێنانی چەکی کیمیایییان لە ماریوپۆل ڕەتکردۆتەوە.
ڕووسیا دوابەدوای ئەوەی زیانێکی گەورەی ڕووبەڕوو بوویەوە و هێزەکانی لە شارۆچکەکانی دەوروبەری کیێڤی پایتەخت کشاندەوە، چاوی خستۆتەسەر هەرێمی دۆنباس و داواش دەکات ئۆکرانیا هەرێمی دۆنباس ڕادەستی جوداخوازەکان بکات. گرتنی ماریوپۆڵیش ڕێگە خۆش دەکات لەبەردەم هێزەکانی ڕووسیادا تاوەکو هێزە سەرەکییەکانی ئۆکرانیا لە ڕۆژهەڵات گەمارۆ بدەن.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز