ڕۆژی دووشەممە مۆسکۆ وتی ئەمەریکا و بەڕیتانیا یارمەتی ئۆکرانیا دەدەن لە ئامادەکردنی تۆمەتی ساختەدا سەبارەت بە کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ئۆکرانیا، ئەمەش لەپێناو بڵاوکردنەوەیان لەلایەن ڕاگەیاندنە نێودەوڵەتیەکانەوە بۆ لەکەدارکردنی ڕووسیا.
دوای ئەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە شارۆچکە و گوندەکانی دەوروبەری کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا کشانەوە، هێزەکانی ئۆکرانیا تەرمی هاوڵاتیانی مەدەنییان پیشانی ڕۆژنامەنووساندا و دەڵێن لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە کوژراون.
ڕۆژئاوا دەڵێت هاوڵاتییە مەدەنییە مردووەکان بەڵگەن لەسەر ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لەلایەن ڕووسیاوە.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی حکومەتی ئۆکرانیا لەلایەن ئەمەریکاوە ئاڕاستەکراوە تاوەکو بەڵگەی ساختە بچێنێت لەسەر توندوتیژییەکانی ڕووسیا دژی هاوڵاتیانی مەدەنی.
ئۆکرانیا دەڵێت ڕووسیا تاوانبارە و کۆمەڵکوژی دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئۆکرانیا ئەنجامداوە، هەروەها داوای لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و هاوپەیمانێتی ناتۆ کردووە پشتیوانی زیاتری لێبکەن.
ڕووسیا دەڵێت هەواڵگری بەڕیتانیا یارمەتی ئۆکرانیای داوە لە ئامادەکردنی تۆمەتی ساختەدا سەبارەت بە سوکایەتییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا. وەزارەتی بەرگری ڕووسیا هیچ بەڵگەیەکی نەخستەڕوو بۆ پشتیوانیکردن لە لێدوانەکانی کە گوایە ئەمەریکا و بەڕیتانیا یارمەتی ئۆکرانیا دەدەن لە دروستکردنی بەڵگەی ساختەدا.
وەزارەتەکە وتی " ئەو تۆمەتە نوێیانەی ئاڕاستەی هێزە چەکدارەکانی فیدراسیۆنی ڕووسیا کراون سەبارەت بەوەی گوایە مامەڵەیەکی توندییان لەگەڵ دانیشتوانی ئۆکرانیادا کردووە، لەلایەن ڕژێمی کیێڤەوە ئامادە کراون، ئەوەش بە سەرپەرشتی دەزگا تایبەتییەکەی بەڕیتانیا لە سەر خاکی هەرێمی سومی."
جێی ئاماژەیە داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا کە لە 24 ی مانگی دوودا دەستیپێکرد، بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و ملیۆنان کەسیشی ئاوارە کردووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
ڕووسیا دەڵێت ڕۆژئاوا یارمەتی ئۆکرانیا دەدات لە ئامادەکردنی تۆمەتی ساختەی تاوانی جەنگدا