ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی: پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق کۆتایی بهێنن بە دەمکوتکاری پەیوەست بە خۆپیشاندانەکان

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی ڕاپۆرتێکی لەسەر هەرێمی کوردستانی عێراق بڵاو کردووەتەوە و تیایدا دەڵێت دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و بێسەوشوێنکردنی چالاکوانان و ڕۆژنامەوانان لەو هەرێمە ڕوودەدات.

ڕاپۆرتەکەی ڕۆژی سێشەممەی ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) دەڵێت "لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق بە شێوەیەکی بێبەزەییانە ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان و ئەو خۆپیشاندەرانەیان سەرکوتکردووە کە مافی ئازادی ڕادەربڕینی خۆیان بەکارهێناوە ." ڕاپرۆتەکە دەڵێت سەرکوتکردنەکان بریتی بوون لە "دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێ."

لین مەعلوف جێگری بەڕێوەبەری ئۆفیسی ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئافریکا دەڵێت " دەسەڵاتداران لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا سەرکوتکردنێکیان بە مەبەستی بێدەنگکردنی ڕەخنەگران دەستپێکردووە. ئەوان چالاکوانان و ڕۆژنامەوانانیان دەستگیرکردووە و لە دادگاییەکی ناڕەوایانەدا بە تۆمەتی هەڵبەستراو دادگاییان کردوون. هەروەها کەسوکارەکانیان ترساندوون یان هەراسان کردوون لە کاتێکدا بەو بنەماڵانە نەوتراوە کە کەسەکانیان لە چ دۆخێکدان."

هەروەها وتی "دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق کۆتایی بەو سەرکوتکردنانە بهێنن و دەستبەجێ هەموو ئەو کەسانە ئازاد بکەن کە بە هەڕەمەکی دەستگیرکراون."

ڕێکخراوەکە دەڵێت لێکۆڵینەوەی لەسەر دۆسێی 14 کەس لە پارێزگای دهۆک کردووە کە " لە مانگی سێی بۆ مانگی دەی ساڵی 2020 لەلایەن ئاسایش و پاراستنەوە دەستگیر کراون بەهۆی پەیوەندییان بە بەشداری کردن لە خۆپیشاندانەکان، ڕەخنە گرتن لە حکومەتی خۆجێهی یان بەهۆی کاری ڕۆژنامەوانیانەوە. هەتا نزیکەی پێنج مانگ کەس نەیتوانیبوو پەیوەندییان پێوە بکات و بەلایەنی کەم شەشیان بۆ ماوەی سێ مانگ بێسەرو شوێن بوون. هەشت لەوانە گوتویانە ئەشکەنجە دراون یان لە میانەی دەستگیکردنەکانیاندا بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە."

لە مانگی دووی ئەم ساڵ پێنج لەوانە سزای شەش ساڵ زیندانی کردنیان بەسەردا سەپێندرا وەک ڕاپۆرتەکەی ئەمنستی دەڵێت حوکمەکەیان لەسەر بنەمای ئەو " دانپێدانانە بووە کە لە ژێر فشاردا بەدەستهاتوون."

جێی باسە هەریەک لە چالاكوان و ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی و گوهدار زێباری و ئەیاس كەرەم و هاریوان عیسا و شڤان سەعید لە لایەن دادگای تاوانی دووی هەولێر بە تۆمەتی ئەوەی كە هەوڵی تێكدان و كاری سیخوڕییان كردووە بڕیاری شەش ساڵ زیندانی کردنیان بەسەردا سەپێندرا، دواتر پارێزەرانی ئەو دەستگیركراوانە تانەیان لە بڕیارەكە دا و ڕەوانەی دادگای تەمیز كرا دادگای تەمیزیش بڕیارەكانی دادگای تاوانی دووی هەولێری پەسەند كرد. ئەم بڕیارەش کاردانەوەی زۆری ناوخۆی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لێکەوتەوە.

پاش بڕیارەکەی دادگای پێداچوونەوە لە مانگی ڕابردوو، ئەنجومەنی دادوەری هەرێم و دادگای پێداچوونەوە لە ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر دۆسێکە جەختیان لەوە کردەوە کە لە هەمو قۆناغەکانی دادگایی کردن و بڕیاردان لەسەر دۆسێکە پشتیان بە زانیاری و بەڵگەی دروست بەستەووە و ڕایانگەیاند " بەوپەڕی پیشەیی و سەربەخۆیانە و بێلایەنانە مامەڵەمان کردووە."

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دکتۆر ڕێواز فایەق و لیژنەی ناوخۆو ئەنجومەنە خۆجێهییەکان سەردانی ئەو دەسگیرکراوانەی پارێزگای دهۆکیان کرد، سەرۆکی لیژنەکە شاخەوان ڕەئوف بەگ لە میانەی وتووێژێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "قسەمان له‌گه‌ڵ زیندانییەکان کردن پێمان وتن کە ئێوە هیچ فشارێکتان له‌سه‌ره‌؟ یان هیچ حاڵه‌تێکی ده‌رونیتان به‌رامبه‌ر ده‌کرێت؟ ئه‌وه‌ی کەئیستیفزارەیان هه‌رشتێکی له‌و بابه‌ته‌یه‌؟ له‌وه‌ڵامدا ئه‌وەبوو کە ئه‌وان کێشه‌ی ته‌ندروستیان نییه‌، کێشه‌ی جێگه‌یان و ناڕه‌حه‌تیان نییه‌، سه‌ردانێکی باش بوو، نه‌خێر ئه‌وان به‌ئێمه‌یان وت باری ته‌ندروستیمان باشە هەروەها له‌ژێر هیچ فشارێکی زینداندا نیین."

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی دەقی ڕاپۆرتەکەی بە زمانی کوردیش بڵاو کردووەتەوە.