Accessibility links

وردەکاری بڵاوبوونەوەی هەواڵی سەپاندنی شەش ساڵ زیندانی بەسەر پێنچ لە چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانی بادینان لە لایەن دادگای تەمیزەوە 


ڕۆژی سێشەممە ژمارەکی زۆر لە چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان و پەرلەمانتاران هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان سزای زیندانی شەش ساڵ بەسەر ئەو پێنج چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانەی بادینانی پەسەندکردووە کە پێشتر لەلایەن دادگایەکی هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانیان بۆ دەرچوو، بەڵام دادوەرێک ئاماژەی بەوە کرد هیچ شتێکی ڕەسمی لەوبارەیەوە نییە و دادگای تەمیزیش تا ئێستا بەڕەسمی هیچ شتێکی بڵاونەکردووەتەوە.

ئەیهان سەعید نوێنەری کەسوکاری دەستگیرکراوانی بادینان بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەمڕۆ زانیاریەک بڵاوبووەتەوە کە دادگای تەمیز بریاری شەش ساڵ زیندانی چالاکوانانی بادینانی پەسەندکردووە بەڵام بەفەرمی نەبووەتە بڕیار و ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێکرا ئەوا ئێمە وەکو کەسوکاری دەستگیرکراوان بە هەماهەنگی لەگەڵ دیبلۆماتکارانی دەرەوە و ئەوروپا و کۆمەڵێک چالاکوان لەسەر ئەم کەیسە لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەوە بێدەنگ نابین و داواکارین بریارێکی عادیلانە و بەشێوەی یاساییانە بدرێت و سەروەری یاسا و سومعەی هەرێم بپارێزرێت نەک لایەنگیری بێت ".

حاکم بەشدار مەجید گوتەبێژی داواکاری گشتی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" هیچ شتێکی فەرمیمان نەبینیوە و دادگای تەمیزیش بە ڕەسمی هیچ شتێکی باس نەکردووە، بڕیارەکانی دادگای تەمیز بەچەند فلتەرێک دەڕوات و دادگای تەمیز شەرم ناکات ئەگەر پەسەندی بکات بە ئاشکرا دەڵێت بڕیارەو دەداتە دەست پارێزەری تۆمەتبارەکانیش، چاوەڕێین ئەگەر شتێک هەبێت زۆر بە ئاشکرایی باسی دەکەین ئەمە دادگایە و دەبێت بڕیارەکانی ئاشکرابکرێن خۆ بەنهێنی نییە بەڵام تا ئەم ساتە دادگای تەمیز بەفەرمی ڕاینەگەیاندووە، لە دوو سێ شوێن گوێم لێ بووە کە دەڵێن حوکمەکە هەڵوەشاوەتەوە، پەسەندکراوە ،کەمکراوەتەوە، ئەمە قسەیە و ناتوانین مامەڵە لەگەڵ قسەی نا ڕەسمی بکەین و دەچێتە چوارچێوەی سۆشیاڵ میدیا، ئەو کەسەی کە دەڵێت پەسەندکراوە دەبوایە کۆپیەکی بڕیارەکە بڵاوبکاتەوە".

بەپێی شارەزایانی دادوەری و پارێزەران لەکاتی دەرچوونی بڕیارەکانی دادگای تەمیز تەنها رێگایەکی تر هەیە بۆ ئازادکردنی ئەو کەسانە، ئەویش لە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هەیە کە بڕیاری لێبوردنی تایبەت دەربکات و ئازاد بکرێن.

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە بڕیاری شەش ساڵ زیندانیکردن بەسەر ئەو پێنج چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانە لە لایەن دادگای تەمیزەوە پەسەندکراوە، بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەمەڕ ئەو بڕیار و پرسە، بەشدار حەسەن پارێزەری دەستگیرکراوانی بادینانە لەوبارەیەوە بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" ئێمە لەوڵاتێک دەژین بە سیستەماتیک نییە جاری وا هەیە لێرە ولەوێ کارمەندێک یان دادوەرێک شتێک لە رێگەی پەیوەندی تایبەتەوە ڕادەگەیەنێت، ئەمرۆ سەردانی دادگای تەمیز و جینایاتی دوومان کردووە پێیان وتین کە بڕیارەکە تەواو بووە تەنها ڕاگەیاندنی ماوە، هیچ زانیاریمان نییە تەنها پێمان دەڵێن بڕیارەکە تەواوبووە و لەچاپە تەنها ڕاگەیاندنی ماوە، پاشان کە چاپکرا دەچێتەوە لای ئەو ئەندامانە دەبێت ئیمزای لەسەر بکەن کێ ناڵێ لە کۆتا خولەک یەکێک لەو ئەندامانە پەشیمان نابێتەوە".

جێی باسە لە 16 شۆباتی ساڵی 2020 دادگای هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانی سەپاند بەسەر هەریەک لە ڕۆژنامەنووس و چالاکوان شێروان شێروانی و گوهدار زێباری و ئەیاس کەرەم وهاریوان عیسا و شڤان سەعید بە تۆمەتی ئەوەی کە هەوڵی تێکدان و کاری سیخۆڕیان کردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:49 0:00


XS
SM
MD
LG