Accessibility links

دادگای پێداچوونەوەی هەولێر بڕیاری شەش ساڵ زیندانی بۆ سەر پێنج لە چالاكوان و ڕۆژنامەنووسانی پارێزگای دهۆک پەسەند دەکات


دادگای پێداچوونەوەی هەولێر بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دادگای تاوانەکانی دووی هەولێری پەسەند کردووە کە بەشەش ساڵ زیندانی کردن بۆ پێنج لە چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانی پارێزگای دهۆک دەرکراوە. پارێزەری ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانە ئەم هەواڵە پشتڕاست دەکاتەوە.

دکتور دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " ڕای دادگا و بڕیارەکانی دادگا ڕوونە و ئێمە وەکو حکومەتی هەرێم لایەنێک نین نە لە بریار و نە لە تەمیزی بڕیارەکە چونکە دەستوری عێراق زۆر ڕوونە کە حاکمەکان سەربەخۆن و دەسەڵاتی دادوەری لە هەولێر و بەغدا سەربەخۆن و دادوەرەکان سوێندی یاساییان خواردووە بەرامبەر بە هاوڵاتیان و بیرباوەڕە ئاینیەکانیان و بەرامبەر ئەو پیشەیەی کە خۆیان هەیانە کە سەربەخۆ و بێلایەن و ڕاستگوبن و ئەو بڕیارانەی کە دەردەکەن خۆیان لێی بەرپرسیارن و ئێمە ڕێز لە دەسەڵاتی دادوەری و دادوەرەکانی خۆمان دەگرین و هەر بڕیارێکی دادوەر و دادگای تەمیز بدات دەستور ئیعتیرافی پێکردووە هەموومان بە بڕیاری دادگا و دادوەرەوە پابەندین".

لە لایەکی ترەوە هەرێم رفعەت یەکێک لە پارێزەرانی ئەو پێنج چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانە بە دەنگی ئەمەریکای وت" بە زۆرینەی دەنگ بڕیارەکە دەرچووە و ئەمڕۆ بڕیارەکە چاپکراوە و دادوەر عەبدولا عەلی وەکو سەرۆکی دادگای پێداچوونەوە واژووی لەسەر بڕیارەکە و پەسەندی بڕیاری دادگای تاوانی دووی هەولێری کردووە کەوا شەش ساڵ زیندانی کردن بۆ سەر ئەو پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانی بادینان سەپاوە".

دیندار زێباری دەشڵێت" دادوەرانی دادگای تەمیز دیارن، حکومەتی هەرێمیش بەهیچ شێوەیەک لایەنگیر نیە لە بڕیاری دادگا و ناتوانێت لە شوێنی دادوەر و دادگاش بریار بدات".

کەسو کار و چین و توێژی جیاجیا زۆر باسی ڕوڵ و دەسەلاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەو پرسەیەدا دەکەن بەتایبەتی لەبابەتی لێبوردنی تایبەت بۆ ئـەو پێنج چالاکوان و ڕۆژنامەنووسە.

لەوبارەیەوە پاڕێزە هەرێم رفعەت دەڵێت" سەرۆکی هەرێم هیچ کاتێک پەسەندی هیچ بڕیارێک ناکات تەنها دەتوانێت بۆ نموونە بڕیاڕێکی سێدارەدان دەربچێت ئەو ئیمزای بکات بەڵام سەرۆکی هەرێم ئێستا دەسەلاتی هەیە ئەو زیندانیانە بە لێبوردنی تایبەت ئازاد بکات بەڵام لە ئەنجامدا تاوانبارن بە لێبوردنی تایبەت ئازاد دەبن هەموو هەوڵێکمان داوە کە بێتاوانی ئەوانە بسەلمێنین".

جێی باسە هەر یەک لە چالاکوان و ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی و گوهدار زێباری و ئەیاس کەرەم و هاریوان عیسا و شڤان سەعید بە تۆمەتی ئـەوەی کە هەوڵی تێکدانیان داوە و کاری سیخۆڕیان کردووە لە لایەن دادگای هەولێرەوە بە شەش ساڵ زیندانی کردن بڕیاریان لەسەر دراوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:34 0:00



XS
SM
MD
LG