ڕۆژی یەکشەممە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی چینی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەوەی کە زۆر بە قورسی کاردەکات بۆ ڕێگریکردن لە بەشداریکردنی وڵاتان لە لوتکەی ئاشتیدا، چین بە ئاشکرا ڕەخنەی لەو لوتکەیە گرتووە لەبەرئەوەی کە ڕووسیا بانگهێشت نەکراوە.
لێدوانەکانی زێلێنسکی لە کۆڕبەندێکی ئاسایشدا بوو لە سینگاپوور لە کاتێکدا کە هەوڵ دەدات پشتیوانی بۆ کۆنفرانسەکەی لوتکەی ئاشتی کۆبکاتەوە و داوای یارمەتی سەربازیی زیاتریشی کرد بۆ ئۆکرانیا.
زێلێنسکی لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئاسایشی شانگری لا دیالۆگدا لە سینگاپوور بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بە داخەوە چین ئەمڕۆ زۆر بە قورسی کاردەکات بۆ ڕێگریکردن لە بەشداریکردنی وڵاتان لە لوتکەی ئاشتیدا."
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ماو نینگ ڕۆژی هەینی بە ڕۆژنامەنووسانی وت پەکین پێی وایە لوتکەکە " دەبووایە دانی بنایە بە ئۆکرانیا و ڕووسیاشدا، هەروەها بەشداریی یەکسانی سەرجەم لایەنەکان و گفتوگۆیەکی دادپەروەرانە لەسەر سەرجەم پلانەکانی ئاشتی."
وتی " ئەگەر نا ئەوا قورس دەبێت بۆ کۆنفرانسێک بتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە خستنەوەی ئاشتیدا."
زێلێنسکی نائومێدی خۆشی دەربڕی سەبارەت بەوەی " هەندێک لە ڕابەرانی جیهان " هێشتا خۆیان تۆمار نەکردووە بۆ کۆنفرانسەکە، ئەمە لە کاتێکدا کە چین ئاماژەی بەوە داوە سەرۆکی وڵاتەکە شی جین پینگ بەشداری ناکات و سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنیش تاوەکو ئێستا لێدوانی لەسەر نەداوە.
چین دەڵێت " قورس " دەبێت بۆ ئەو بەشداری بکات لە کاتێکدا ئەگەر ڕووسیا بەشداری نەکات، ئۆکرانیاش ئەوەی ڕەت کردووەتەوە.
لە ڕێی لوتکەکەی ئاشتییەوە، ئۆکرانیا هیوادارە پشتیوانییەکی بەرفراوانی نێودەوڵەتی دەست بکەوێت لە مەرجەکانی بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ڕووسیا.
ڕۆژی یەکشەممە زێلێنسکی وتی زیاتر لە 100 وڵات و ڕێکخراو ئامادەی کۆنفرانسەکە دەبن، هەروەها داوای لە وڵاتانی ناوچەی ئاسیا – پاسێفیک کرد بەشدار بن.
زێلێنسکی وتی چین " ئامڕازێکە لە دەستی پوتندا " و ڕووسیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی بەکارهێنانی دەسەڵات و دیبلۆماتکارانی چین بۆ ئەنجامدانی " هەر شتێک بۆ تێکدانی لوتکەکەی ئاشتی."
لە کاتێکدا کە چین دەڵێت بێلایەنە لە ململانێکەی ناو ئۆکرانیادا، ڕەخنەشی لێگیراوە لەسەر ئەوەی ڕەتی کردووەتەوە سەرکۆنەی داگیرکارییەکەی ڕووسیا بکات.
سەرچاوە/ فرانس پرێس
زێلێنسکی دەڵێت چین "زۆر بە قورسی کاردەکات" بۆ ڕێگریکردن لە ئامادەبوونی وڵاتان لە لوتکەی ئاشتیدا
