Accessibility links

زێلێنسکی داوا لە بایدن و شی دەکات ئامادەی لوتکەی ئاشتی بن


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ڕۆژی یەکشەممە داوای لە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی چین شی جین پینگ کرد ئامادەی لوتکەیەکی ئاشتی بن لە کاتێکدا کە ئۆکرانیا کۆشش دەکات بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە بەردەوامەکانی ڕووسیا لە جەنگەکەدا.

ئۆکرانیا هیوادارە زۆرترین وڵات بەشداریی لوتکەی ئاشتی بکەن کە بڕیارە مانگی داهاتوو بە سەرکردایەتی ئۆکرانیا لە سویسرا بەڕێوەبچێت، ئامانج لە لوتکەکە یەکخستنەوەی بۆچوونی جیهانە لەسەر چۆنێتی وەستاندنی جەنگەکە و فشار خستنەسەر سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن. پوتن بانگهێشت نەکراوە بۆ ئەو لوتکەیە.

زێلێنسکی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە شاری خارکیڤی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە لە ناو بینایەکی ڕووخاودا ئەو داوایەی کرد، بیناکە ڕۆژی پێنجشەممە لە هێرشێکی ئاسمانی ڕووسیادا کرایە ئامانج. زێلێنسکی وتی زیاتر لە 80 وڵات ئامادەی لوتکەکە دەبن.

بەڵام هێشتا دیار نیە کە ئایا بایدن ئامادە دەبێت یان نا، چینیش کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ڕووسیادا هەیە ئاماژەی بەوە نەداوە کە ئایا ئامادەی لوتکەکە دەبێت یان نا.

زێلێنسکی وتی " داوا لەو سەرکردانەی جیهان دەکەم کە هێشتا دوورن لە هەوڵە جیهانییەکانی لوتکەی ئاشتی جیهانییەوە، لە سەرۆک بایدنی سەرکردەی ئەمەریکا و لە سەرۆک شی سەرکردەی چین، تکایە سەرکردایەتی خۆتان پیشان بدەن لە بەرەوپێشبردنی ئاشتیدا، ئاشتی ڕاستەقینە نەک تەنها وەستانێک لە نێوان هێرشەکاندا."

زێلێنسکی وتیشی لوتکەکە " دەریدەخات کە کێ لە جیهاندا بە ڕاستی دەیەوێت ئەم جەنگە کۆتایی بێت."

کیێڤ لە پلانەکەیدا بۆ ئاشتی داوا دەکات سەرجەم هێزەکانی ڕووسیا لەسەر خاکی ئۆکرانیا بکشێنەوە و داواش دەکات سنوورەکانی کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانییان پێدانراون بگەڕێندرێنەوە بۆ سەر ئۆکرانیا، مۆسکۆش ئەوانە ڕەت دەکاتەوە.

هەفتەی ڕابردوو سەرچاوە ڕووسیاییەکان بە ڕۆیتەرزییان وت کە پوتن ئامادەیە جەنگەکە لە ئۆکرانیا ڕابگرێت، ئەوەش لە ڕێی ئاگربەستێکی گفتوگۆ لەسەرکراوەوە کە دان بنێت بە هێڵەکانی ئێستای گۆڕەپانی جەنگەکەدا.

لە وەڵامی ئەوەشدا وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا وتی پوتن " هەوڵ دەدات " سەرنجەکان لەسەر لوتکەکەی سویسرا لاببات چونکە " لە سەرکەوتنی لوتکەکە " دەترسێت.

وتی " دارودەستەکەی ئەم ئاماژە ساختانە دەنێرن لەسەر ئەوەی گوایە ئامادەیە بۆ ئاگربەست، سەرەڕای ئەو ڕاستییەی کە هێزەکانی ڕووسیا بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر شار و کۆمەڵگەکانی ئۆکرانیا بە شێوەیەکی دڕندانە بە موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانییانەوە."

ڕووسیا پێشتر وتوویەتی کە هیچ سوودێک نابینێت لە لوتکەکەی ئۆکرانیا.

لەم چەند مانگەی ڕابردوودا هێزەکانی ڕووسیا دەستکەوتی خاو بەڵام بەردەوامییان هەبووە بە درێژایی چەندین ناوچەی بەرەی ڕۆژهەڵات و هەوڵ دەدەن بچنە ناو هەرێمی خارکیڤیشەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا هێرشێکی زەمینی بۆ سەر ئەو هەرێمە دەستپێکرد.

شاری خارکیڤی پایتەختی هەرێمی خارکیڤ چەندین جار لە ڕێی بۆمب و موشەکەکانی ڕووسیاوە بۆردومان کراوە، ڕۆژی شەممە هێرشێکی کردە سەر کۆگایەکی کەرەستەی بیناسازی لە شارەکەدا کە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 14 کەس.

زێلێنسکی وتیشی مۆسکۆ هێزەکانی کۆکردووەتەوە بۆ " ئەنجامدانی هێرشێکی نوێ " لە باکووری ڕۆژئاوای خارکیڤ کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا.

هەفتەی ڕابردوو سەرکردەی سوپای ئۆکرانیا وتی هێزەکانی ئۆکرانیا ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەگەری هێرشێکی ڕووسیا بۆ سەر هەرێمی سومی کە دەکەوێتە تەنیشت هەرێمی خارکیڤەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG